Accessibility links

تورکیا: هێزەکانی تورکیا نزیک بوونەتەوە لە ئامادە بوون بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی زەمینی لە سوریا


بەرپرسانی تورکیا دەڵێن سوپای تورکیا پێویستی تەنها بە چەند ڕۆژێکی کەم هەیە تاوەکو ئامادە بێت بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی زەمینی بۆ سەر باکووری سوریا و ئەو جۆرە بڕیارەش ڕەنگە لە کۆبوونەوەکەی حکومەتدا بدرێت، ئەمەش لە کاتێکدا کە هێزەکانی تورکیا بۆردومانی هێزە کوردییەکانیان کرد لە سوریا.

بۆ ماوەی هەفتەیەک تورکیا ڕۆژانە بە تۆپهاوێژی هاویتزەر بۆردومانی هێزە کوردییەکانی سوریا " یەپەگە " ی کرد، هاوکات فڕۆکە جەنگییەکانیشی هێرشی ئاسمانییان ئەنجامداوە.

چاوپێکەوتنی تایبەت لەگەڵ مەزڵوم عەبدی
please wait

No media source currently available

0:00 0:22:30 0:00


خراپبوونی ڕەوشەکە دوای تەقینەوەکەی شاری ئیستەنبوڵ هات کە ئەنقەرە هێزە کوردییەکانی بە بەرپرس لە هێرشەکە ڕاگەیاند. یەپەگە ڕەتی کردۆتەوە دەستی لەو هێرشەدا هەبێت.

بەرپرسێکی باڵای تورکیا وتی " هێزە چەکدارەکانی تورکیا پێویستییان تەنها بە چەند ڕۆژێک هەیە تاوەکو بە تەواوەتی ئامادە ببن." وتیشی ئەو گروپە چەکدارییەکانی ناو سوریا کە هاوپەیمانی تورکیان ئامادەن بۆ ئەو جۆرە ئۆپەراسیۆنە.

وتی " دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە ئەوەندەی نەماوە."

تورکیا پێشتریش هێرشی سەربازیی کردۆتە سەر هێزەکانی یەپەگە لە سوریادا، یەپەگە ڕابەرایەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانییان لێدەکرێت لە شەڕیاندا دژ بە ڕێکخراوی داعش لە سوریا.

بەرپرسێکی دیکەی تورکیا بە ڕۆیتەرزی وت " سەرجەم ئامادەکارییەکان تەواو بوون. ئێستا تەنها بڕیارێکی سیاسیی ماوە."

بەرپرسەکە وتی ئەنقەرە لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ ئەمەریکا و ڕووسیادا سەبارەت بە چالاکیە سەربازییەکانی لە سوریادا.


ئەمەریکا نیگەرانییەکی خۆی بۆ تورکیا دەربڕیوە سەبارەت بەوەی خراپتر بوونی ڕەوشەکە ڕەنگە کاریگەری لەسەر شەڕەکەی دژ بە ڕێکخراوی داعش هەبێت.

ڕووسیاش بە تورکیای وتووە خۆی بە دووربگرێت لە هێرشی زەمینی بۆ سەر سوریا. ڕووسیا پشتیوانی لە حکومەتەکەی بەشار ئەسەد کردووە، هاوکات تورکیا پشتیوانی لە گروپە چەکدارییە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG