Accessibility links

حەوت ڕێکخراوی مرۆیی کارەکانیان لە کەمپی هۆل ڕادەگرن


لە پێنجەمین ڕۆژی هێرشی تورکیا بۆ سەر ناوچە کوردنشینەکانی سوریا، حەوت ڕێکخراوی مرۆیی بەهۆی تۆپبارانی فڕۆکەکانی تورکیا بۆ سەر کەمپی هۆل و زیادبوونی توندوتیژی لەلایەن ژنانی ئەو خێزانانەی داعش کە لە کەمپەکەدان کارەکانیان ڕاگرت.

بەگوێرەی زانیارییەکان بەهۆی نەبوونی ژینگەیەکی سەلامەتی کارکردن، هەروەها بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا، کارەکانیان ڕاگرتووە.

ئەڤین شێخموس، بەرپرسی هەماهەنگی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، کارە مرۆییەکان لەناو کەمپەکەدا زۆر قورس بوون؛

دەشڵێت، "ڕێکخراوە مرۆییەکان لە کەمپی هۆڵ، مەترسی ئەوەیان لەسەرە کە ببنە ئامانجی هێرشەکانی تورکیا، یان خێزانەکانی داعش لەناو کەمپەکەدا سوود لەو پشێویە وەربگرن و هێرش بکەنە سەر کارمەندەکانیان."

لە لایەکی دیکەوە شارەزاییان پێیان وایە کە کشانەوەی ڕێکخراوە مرۆییەکان لە کەمپی هۆڵ بارگرانی لەسەر ئیدارەی خۆسەر زیاد دەکات.

چاودێر سید دێلی دەڵێت "کەمپەکە پێویستی بە هاوکارییەکی زۆر هەیە، لە کاتێکدا کە ناوچەکە لە ژێر هێرشدایە، ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ کەمپەکە."

شایانی بیرهێنانەوەیە، شەوی 23ی ئەم مانگە، فڕۆکەکانی تورکیا کەمپی هۆلیان لە ڕۆژهەڵاتی شاری حەسەکە بۆردومان کرد، لە ئەنجامدا 8 ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ گیانیان لەدەستدا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی هەسەدە، فڕۆکەکانی تورکیا سێ جار تۆپبارانی کەمپی هۆڵیان کردووە، کە دەیان هەزار خێزانی چەکدارانی داعش تێیدا نیشتەجێن.

هەروەها شەوی هەینی هەسەده ڕایگەیاند که ژمارەیەک منداڵی داعش له تەمەکانی 14 بۆ 16 ساڵان به چەکی سوک هێرشیان کردووەتە سەر هێزه ئەمنییەکانی کەمپەکه، هاوکات ژمارەیەک ژن و منداڵ هەوڵی هه ڵاتنیان دا و ڕێگرییان لێ کراوه.


XS
SM
MD
LG