Accessibility links

سەڵاحەدین دەمیرتاش هەڵمەتی هەڵبژاردن لە زیندانەوە ڕادەگەیەنێت


سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند، کە بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکەین.

دەمیرتاش بە پشتیوانانی گوت ئەوان لە یەکەم ڕۆژەوە تا کۆتا ڕۆژ پێکەوە بانگەشەی هەڵبژاردن بەڕێوەدەبەن.

گوتیشی " با بە فراوانترین بەشداری بۆ دیموکراسی، دەست بە هەڵمەتەکەمان بکەین نەک تەنها بۆ ناوێک یان حزبێک و تا دوا ڕۆژ پێکەوە بەڕێوەی ببەین."

دەمیرتاش بە پشتیوانانی دەڵێت " ئێمە ئامادەکاری دەکەین بۆ بانگەشەیەکی پڕ لە جۆش و خرۆش ، چاوەڕوانی پێشنیار و بۆچوونەکان و بەشداری ئێوەین."

ئەو سیاسەتمەدارە کوردە و سەرۆکی پێشووی هەدەپە لە ساڵی 2016ەوە لە زیندانی ئەدیرنەدایە و لە ڕێگەی پارێزەرەکانییەوە پەیامەکانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاو دەکاتەوە.

سەڵاحەدین دەمیرتاش لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2018 یش لە زیندانەوە بانگەشەی هەڵبژاردنی خۆی بەڕێوەبرد. لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەوکاتەدا لە %8.40 ی دەنگەکانی بەدەستهێنا کە سێهەم بوو ئاستی تورکیا، لە کاتێکدا سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان %52.59 و موحەڕەم ئینجە سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری %30.64ی بەدەستهێنابوو.

پەیامەکەی دەمیرتاش لە کاتێکدایە بەرپرسێکی باڵای پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند بیر لە " گۆڕانکارییەکی کەم" دەکرێتەوە لە وادەی هەڵبژاردنەکانی کە بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی شەشی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.

عومەر چەلیک گوتەبێژی ئاکەپە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کاتێک پرسیاری لەسەر وادەی هەڵژباردن لێکرا، گوتی " دەمانەوێت هەڵبژاردنەکە لە 18 ی مانگی 6 بکرێت، بەڵام بەو پێیەی ئەم ڕۆژە هاوکاتە لەگەڵ وەرزی پشووی هاوینە کاتێک خەڵک گەشت دەکەن، ئێمە تاوتوێی ئەوە دەکەین ڕۆژەکە هەندێک بهێنینە پێشەوە."

بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی تورکیا لە 18 ی مانگی شەش بەڕێوە بچێت. سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیش پێشتر ڕایگەیاندبوو هەڵبژاردنەکان لە مانگی شەشدا ئەنجام دەدرێن.

XS
SM
MD
LG