Accessibility links

عەلی باباجان بەڵێن دەدات کێشەی کورد لە تورکیا چارەسەربکات


عەلی باباجان سەرۆکی گشتی پارتی دیموکراسی و گەشەپێدان (DEVA) لە بارەگای گشتی پارتەکە "پلانی کارکردنی مافە بنەڕەتییەکان"ی ئاشکراکرد ڕایگەیاند " ئێمە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هاتووین، چارەسەرکردنی کێشەی کورد قەرزێکە لەسەر شانمان."

پلانی کارکردنی مافە بنەڕەتییەکانی لە هەژدە خاڵ پێکدێت؛ دەوڵەتێک کە لەسەر بنچینەی بەهای کەرامەتی مرۆڤ بێت، مافی ژیان، ئازادی ئایین، ویژدان و باوەڕ، ئازادی کۆمەڵ، هاووڵاتییەکی یەکسان، ئازادی بیرکردنەوە، مافی ئاژەڵ، ئازادی ڕۆژنامەگەری، مافی ژنان، مافی کۆمەڵایەتی، مافی سیاسی، مافەکانی ژینگەش لەبەرچاو بگرێت.

بابجان ڕایگەیاند، ئەو کێشانەی کە لە تورکیادا هەن، لەژێر دەسەڵاتی ئەواندا بە تەواوی چارەسەر دەکرێن.

باباجان گوتیشی "ئێمە دەمانەوێت دەنگی هەموو تورکیا بین و کێشەکانی 85 ملیۆن کەس چارەسەر بکەین. ئێمە داواکاری هاووڵاتیانمان بۆ پەروەردەی زمانی دایکی وەک مافێکی سەرەتایی مرۆڤ دەبینین. هەمیشە و بەبێ مەرج دان بە مافی هاووڵاتیانماندا دەنێین".

باباجان گوتیشی چارەسەرکردنی کێشەی کورد وەکو قەرزێکە لەسەر شانی ئەوان.

ئەو گوتی "مانەوەی تورکیا پەیوەستە بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤەوە. ڕێگای چارەسەرکردنی کێشەکانی تورکیا لە یەکسانیدا، بە ئازادیدا تێپەڕدەبێت. ئێمە یەکسانی 85 ملیۆن کەس وەک چارەسەرێک دەبینین. کاتی ئەوە هاتووە کۆت و بەندەکان بشکێنین. ئێمە بۆ کێشە چارەسەرنەکراوەکان دەرچووین. ئێمە چارەسەری کێشەی کورد، چارەسەری کێشەی عەلەوی وەک قەرزی شەرەف دەبینین".

بڕگەیەکی دیکەی پلانی کاری مافە بنەڕەتییەکانی پارتی DEVA، داواکارییە بۆ هەموارکردنەوەی مادەی 66ی دەستووری تورکیا کە بە پێی ئەو مادەیە "هەر کەسێک ڕەگەزنامەی دوڵەتی تورکیای هەبێت ئەوە، تورکە". منداڵی باوکێکی تورک یان دایکی تورکیش تورکە".

باباجان ڕایگەیاند ئەوان دەیانەوێت پێشنیازی گۆڕانکاری بکەن "لە بەرنامەی پارتەکەی خۆشماندا ڕامانگەیاندووە، پێویستمان بە هاووڵاتیبوونێکی فراوانە و نابێت کەس وەلاوە بنرێت. بۆیە ئێمە بە پێویستی دەزانین کە ئەمە لە یاسای بنەڕەتیدا دووبارە ڕوون بکەینەوە و پێشنیار دەکەین کە ئەمە لە مادەی 66دا دووبارە جێگیر بکرێتەوە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:19 0:00

XS
SM
MD
LG