Accessibility links

مامی ئەو پیاوەی لە تەقەکردنەکەی کڵێساکەی ئیستەنبوڵدا کوژرا دەڵێت تەنها بۆ پیاسەیەک چووبووە دەرەوە


ڕۆژی یەکشەممە پیاوێک لەلایەن دوو چەکداری ڕێکخراوی داعشەوە لە ماوەی نوێژی ڕۆژی یەکشەممەدا لە کڵێسایەک لە ئیستەنبوڵ کوژرا، مامی پیاوەکە دەڵێت بۆ پیاسەیەک چووبووە دەرەوە کاتێک کە چووەتە کڵێساکەوە، بەرپرسانیش دەڵێن دەکرا هێرشەکە کوشندەتر بووایە ئەگەر چەکێکی چەکدارەکان کێشەی تێنەکەوتایە.

بەرپرسانی ئیستەنبوڵ وتییان چەند چەکدارێک بە دەمامکەوە چوونەتە ناو بیناکەوە و تەقەیان لە پیاوێکی تورکی تەمەن 52 ساڵ کردووە و کوشتوویانە. پیاوەکە ناوی تونچەر مورات چیهان بووە.

دوای هێرشەکە هێرشبەرەکان کە یەکێکییان خەڵکی تاجیکستانە و ئەوەی دیکەیان خەڵکی ڕووسیایە، دەستگیرکراون، هاوکات 51 کەسی دیکەش دەستگیرکراون.

مورات چیهانی مامی قوربانییەکە وتی کەسوکاری قوربانییەکە هیچ پەیوەندییەکی سیاسیی یاخود ئایینییان نەبووە و ئەو لە " جیهانی خۆیدا ژیاوە."

وتی " بۆ پیاسەیەک چووە دەرەوە و دواتر چووە بۆ کڵێساکە و لەوێ ئەم کارەساتە ڕوویدا بەسەریدا."

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆ لە زاری سەرۆکی شارەوانی سارییەر شوکرو جەنگەوە بڵاوییان کردەوە دوو فیشەک لەلایەن تاوانبارەکانەوە تەقێندراوە، دواتر چەکێکییان وەستاوە و کێشەی تێکەوتووە، وتیشی ڕوون نیە کە ئایا هێرشبەرەکان ویستوویانە خەڵکی زیاتر بکوژن یاخود نا.

بەپێی ڤیدیۆی کامێرا چاودێرییەکان، دوو چەکدارەکە بۆ ماوەیەکی کورت لەبەردەم دەرگای کڵێساکەدا وەستاون و دواتر شوێن پیاوێک دەکەون و دەچنە ژوورەوە. لە گۆشەیەکی دیکەی کامێراکەوە دەردەکەوێت کە چەکدارەکان تەقە لەو پیاوە دەکەن کە لە پێشیانەوە دەڕوات.

سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ وتی کونسوڵی گشتی پۆڵەندا لە ماوەی هێرشەکەدا لەگەڵ خێزانەکەی لە کڵێساکەدا بووە. سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پەیوەندی بە دیبلۆماتکارە پۆڵەندییەکە و قەشەکەشەوە کردووە و سەرەخۆشی خۆی پێڕاگەیاندوون.

ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕاگەیاند، وتی وەکو وەڵامێک بووە بۆ داواکانی سەرکردەکانی داعش بۆ بە ئامانجکردنی جووەکان و کریستییانەکان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG