Accessibility links

تونس لە یەک ڕۆژدا ڤاکسین دەدات بە زیاتر لە نیو ملیۆن کەس


دوای ئەوەی زیاتر لە 6 ملیۆن بەشە ڤاکسینی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و وڵاتە عەرەبییەکانەوە وەرگرت، ڕۆژی یەکشەممە تونسییەکان لەچوارچێوەی هەڵمەتی نیشتیمانیدا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا توانیان ڤاکسین وەربگرن.

چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ پەتای کۆرۆنادا و خاویی هەڵمەتی کوتان دژی ڤایرۆسەکە بوونە هۆی ئەوەی هاوڵاتیانی تونس خۆپیشاندان دژی حکومەتەکەی سەرۆک وەزیری وڵاتەکە حەکیم میشیشی ئەنجام بدەن کە دوو هەفتە لەمەوبەر لەلایەن سەرۆکی وڵاتەکە قەیس سەعیدەوە لە کارەکەی دوورخرایەوە.

پێنج مانگ دوای دەستپێکردنی هەڵمەتی کوتان لە تونس، 1.3 ملیۆن هاوڵاتی تونسی هەردوو ژەمە ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە.

لە هەوڵێکدا بۆ خێراکردنی هەڵمەتی کوتانەکە، تونس پێدانی ڤاکسینی بە سەروو تەمەن 40 ساڵ ڕاگەیاند، هاوکات هەزاران کەس ڕوویان کردە بنکەکان و ڤاکسینەکەیان وەرگرت. وەزارەتی تەندروستی تونس وتی ڕۆژی یەکشەممە 551,000 کەس ڤاکسینیان وەرگرتووە.

تونس بەنیازە تاوەکو ناوەڕاستی مانگی 10 ڤاکسین بدات بە لە سەدا 50 ی 11.6 ملیۆن دانیشتووەکەی.

یەکەکانی چاودێری ورد و بەشەکانی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەکانی تونسدا پڕبوون لە توشبووان. پزیشکەکان ناڕەزاییان دەربڕیوە لەسەر کەمی ئۆکسجین لە نەخۆشخانەکاندا.

هەفتەی ڕابردوو ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی وتی پێدەچێت تونس لە لوتکەی دوایین شەپۆلی ڤایرۆسی کۆرۆنادا بێت و حکومەت دەبێت هەڵمەتی کوتان خێراتر بکات.

جێی ئاماژەیە جۆری دێڵتای ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرپرسە لە زیاتر لە سەدا 90 ی حاڵەتەکانی توشبوون لە تونس، ڕۆژی یەکشەممەش 2,546 حاڵەتی نوێ تۆمارکراوە، بەوەش کۆی حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسەکە لەو وڵاتەدا بەرزبۆوە بۆ 610,660 حاڵەت، هاوکات نزیکەی 21,000 حاڵەتی گیان لەدەستدانیش تۆمارکراوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG