سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ وتی ئێستا باوەڕی وایە نزیکەی 100,000 ئەمەریکی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیان لەدەست دەدەن، بەڵام جەختی لەوە کردەوە تاوەکو کۆتایی ساڵ پێکوتەیەک بۆ ڤایرۆسەکە ئامادە دەبێت.
سەرۆک ترامپ لە وتارێکدا کە کەناڵی فۆکس نیوز پەخشی کرد پێشبینی باشبوونەوەی خێرای ئابووری ئەمەریکای کرد و لۆمەی چینی کرد لەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.
سەرۆک ترامپ وتی " هەرچۆنێک بێت 75 بۆ 80 بۆ 100 هەزار کەس لە دەست دەدەین، ئەمە زۆر خراپە."
سەرۆک ترامپ وتیشی " پێم وایە تاوەکو کۆتایی ساڵ پێکوتەکەمان دەست دەکەوێت، ئێستا پزیشکەکان پێم دەڵێن دەبێت وانەڵێیت، بەڵام ئەوە دەڵێم کە باوەڕم پێیەتی، باوەڕم وایە بەزوویی پێکوتەکەمان دەست دەکەوێت."
زۆرێک لە شارەزایانی بواری تەندروستی بە گەورە پسپۆڕی نەخۆشیە درمەییەکانی ئەمەریکا ئانتنی فاوچیشەوە پێیان وایە پەرەپێدانی پێکوتە ماوەی سالێک و 18 مانگی دەوێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز