Accessibility links

سەرۆک ترامپ: دەتوانین پەیوەندییەکانمان لەگەڵ چیندا ببڕین


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ئاماژەی بە خراپتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و چیندا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێیەوە، وتی نایەوێت لە ئێستادا قسە لەگەڵ سەرۆکی چین شی جین پینگ بکات و ئەوەی خستەڕوو لەوانەیە پەیوەندییەکان لەگەڵ چیندا ببڕێت.

سەرۆک ترامپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ( فۆکس بزنس ) وتی هەست بە ئائومێدییەکی زۆر دەکات لەسەر شکستی چین لە ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە کە زیانی گەیاند بە ڕێکەوتنە ئابوورییەکەی نێوان واشنتن و پەکین.

سەرۆک ترامپ وتی " دەبوو ڕێگەیان نەدایە ئەمە ڕووبدات. دوای ئەوەی کە ڕێکەوتنێکی ئابووری زۆر باشمان لەگەڵدا واژۆ کردن، ئێستا دەڵێم هەستم بەرامبەر ئەوە وەکو جاران نەماوە. هێشتا مەرەکەبەکە وشک نەببۆوە ئەم پەتایە بڵاوبۆوە."

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕەخنەی توندی ئاڕاستەی سەرۆکی چین شی جین پینگ کرد کە پێشتر دەیووت پەیوەندییەکانی لەگەڵ شیدا زۆر باشە.

سەرۆک ترامپ وتی " لەڕاستیدا لە ئێستادا حەز ناکەم قسەی لەگەڵدا بکەم."

سەرۆک ترامپ سەبارەت بە پێشنیارەکەی ئەندامێکی ئەنجومەنی سینات پرسیاری لێکرا کە داوای کردووە ئەمەریکا ڤیزا نەدات بەو خوێندکارە چینیانەی کە لە بوارەکانی پەیوەست بە ئاسایشی نیشتیمانیدا دەخوێنن.

لە وەڵامدا وتی " زۆر شت هەیە دەتوانیت بیکەیت. دەتوانین بەتەواوەتی پەیوەندییەکانمان لەگەڵیاندا ببڕین."

وتی " چی دەبێت ئەگەر وابکەین؟ 500 ملیار دۆلارمان بۆ دەگەڕێتەوە." ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەو پارەیەی ساڵانەی ئەمەریکا لە چین خەرجی دەکات و زۆرجار سەرۆک ترامپ بە پارەی ونبوو ناودێری دەکات.

بەپێی قۆناغی یەکەمی ڕێکەوتنە ئابوورییەکەی نێوان ئەمەریکا و چین، چین بەڵێنیداوە بۆ ماوەی دوو ساڵ بڕی 200 ملیار دۆلار کەلوپەل و خزمەتگوزاری ئەمەریکی بکڕێت لەکاتێکدا واشنتن ڕازی بوو قۆناغ بە قۆناغ هەموو ئەو گومرگانە لاببات کە سەپاندوویەتی بەسەر کەلوپەلی چینیدا.

ڕۆژنامەیەکی چین کە دەوڵەت بەڕێوەی دەبات ئاماژەی بەوەدابوو هەندێک لە ڕاوێژکارانی حکومەتی چین داوایان کردووە دانوستانی نوێ بکرێتەوە یاخود ڕێکەوتنەکە هەڵبوەشێنرێتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG