Accessibility links

ترامپ لە هەڵبژاردنە بەراییەکانی کۆمارییەکاندا لە ویلایەتی نیڤادا سەرکەوتن بە دەست دەهێنێت


سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە هەڵبژاردنە بەراییەکانی کۆمارییەکاندا لە ویلایەتی نیڤادا سەرکەوتنی بە دەستهێنا، بەمەش ترامپ لە سێیەمین ویلایەتدا سەرکەوتنی بە دەستهێنا و تاوەکو ئێستا پێشەنگی کاندیدەکانی کۆمارییەکانە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.

باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان نیکی هەیڵی تەنها ڕکابەری ترامپە و هێشتا لە کێبڕکێکەدا ماوەتەوە، بەڵام ترامپ لە سەرجەم ئەو سێ ویلایەتەدا سەرکەوتنی بە دەستهێناوە و پێشبینی دەکرێت دەنگی سەرجەم 26 نوێنەرەکەی ویلایەتی نیڤاداش بە دەست بهێنێت. ترامپ یاخود هەر کاندیدێکی دیکەی کۆمارییەکان ئەگەر بیەوێت ببێتە کاندیدی سەرەکی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، دەبێت دەنگی 1,215 نوێنەر بە دەستبهێنیت، پێشبینی دەکرێت ترامپ تاوەکو مانگی سێ بگاتە ئەو ژمارەیە.

دوابەدوای ویلایەتی نیڤادا، بڕیارە لە 24 ی مانگی دوودا هەڵبژاردنە بەراییەکانی کۆمارییەکان لە ویلایەتی کارۆلینای باشووری بەڕێوەبچن، هەیڵی خەڵکی ئەو ویلایەتەیە، بەڵام ترامپ هێشتا بە شێوەیەکی بەرچاو لەو ویلایەتەدا بەناوبانگە. هەیڵی دوو هەڵبژاردنی وەکو فەرمانڕەوای ویلایەتی کارولینانی باشووری بردووەتەوە و هیواخوازە بەوەی کە خۆی خەڵکی ئەو ویلایەتەیە لە ویلایەتەکەدا سەربکەوێت.

ترامپ لە لاس ڤێگاس وتارێکی سەرکەوتنی پێشکەش کرد و بە لایەنگرەکانی وت بە پەرۆشەوەیە بۆ ڕاگەیاندنی سەرکەوتن لە هەڵبژاردنە بەراییەکانی دواتری ویلایەتی کارولینای باشوور.

وتی " ئێمە لە پێش هەمووانەوەین. ئایا هیچ ڕێگەیەک هەیە داوای هەڵبژاردن بکەین بۆ ڕۆژی سێشەممەی دواتر؟ من هەر ئەوەندەم دەوێت."

جێی ئاماژەیە کۆمارییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو پشتگیرییان لە ترامپ کردووە، تەنانەت لە کاتێکیشدا کە ترامپ ڕووبەڕووی 91 تۆمەتی تاوانکاری بووەتەوە لە چوار دۆسییەی جیاوازدا. ترامپ کاریگەرییەکانی لە کۆنگرێسیشدا دەرکەوتووە، لە کاتێکدا کە کۆمارییەکان ڕێککەوتنێکی ئاسایشی سنووری ئەمەریکایان ڕەت کردەوە دوای ئەوەی ترامپ دژایەتی ڕێککەوتنەکەی کرد.

بەڵام ترامپ ڕووبەڕووی کێشەی یاسایی دیکەش بووەتەوە، دادگایەکی تانەدان لە واشنتن لەم هەفتەیەدا فەرمانێکی دەرکرد و وتی دەکرێت ترامپ تۆمەتبار بکرێت بە تۆمەتی ئەوەی گوایە هەوڵیداوە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2020 هەڵبوەشێنێتەوە، ئەمەش بانگەشەکانی ترامپی ڕەت کردەوە کە دەیوت ناتوانرێت لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت چونکە ئەو کاتە سەرۆک بووە. دادگای باڵای ئەمەریکاش ڕۆژی پێنجشەممە گوێبیستی دۆسییەک بوو کە تێیدا هەوڵدەدرێت ترامپ دووربخرێتەوە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2024، ئەوەش بەهۆی " هەوڵەکانییەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2020 " کە تێیدا سەرۆک بایدن سەرکەوتنی بە دەستهێنا و بووە سەرۆکی ئەمەریکا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG