ڕاپۆرتەکانی دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئاماژەیان بەوەدا لەمیانەی پەیوەندییەکی تەلەفونیدا سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕەخنەی لە فەرمانڕەوای ویلایەتەکانی ئەمەریکا گرتووە لەسەر چۆنێتی مامەڵەکردنیان لەگەڵ خۆپیشاندانەکاندا و داوای لێکردوون هەڵوێستێکی توندتریان هەبێت و ئەم مامەڵەکردنەی ئێستایان وایان لێدەکات لاواز دەرکەون.
کەناڵی سی بی ئێس لە تۆمارێکی دەنگیدا کە دەستیان کەوتووە تیایدا سەرۆک ترامپ دەڵێت " دەبێت کۆنتڕۆڵی ڕەوشەکە بکەن، ئەگەر کۆنتڕۆڵی ڕەوشەکە نەکەن ئەوا کات بەفیڕۆ دەدەن. لێتان دەدەن و وەکو کۆمەڵێک گەمژە دەردەکەون."
سی بی ئێس و ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز وتیان سەرۆک ترامپ داوای لە فەرمانڕەوای ویلایەتەکان کردووە فەرمان دژی سوتاندنی ئاڵا دەربکەن و خەڵکی زیاتر دەستگیربکەن.
کۆمەڵێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئاماژەیان بەوەداوە فەرمانڕەوای ویلایەتی ئیلینوەی جەی بی بریتسکەری دیموکرات بە سەرۆک ترامپی وتووە قسەکانی ڕەوشەکە خراپتر دەکات، سەرۆک ترامپیش بە توڕەییەوە وەڵامی داوەتەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز