Accessibility links

سەرۆک ترامپ داوا لە هاوڵاتیان دەکات دەمامک ببەستن


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ دەڵێت ئەگەر ناتوانن دوورکەونەوە لە قەرەباڵغی ئەوا دەمامک ببەستن، هەروەها هۆشیاریشیدا لەوەی پەتای کۆرۆنا لەوانەیە خراپتر ببێت پێش ئەوەی ڕەوشەکە باش ببێتەوە.

سەرۆک ترامپ دووبارە دەستی کردەوە بە ئەنجامدانی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە ڕۆژانەییەکانی سەبارەت بە کۆرۆنا و داوای لە گەنجان کرد خۆیان بەدووربگرن لە باڕە قەرەباڵغەکان و جەختی لەوە کردەوە ئەم ڤایرۆسە لە قۆناغێک لە قۆناغەکاندا نامێنێت.

سەرۆک ترامپ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " بەداخەوە پێدەچێت ڕەوشەکە خراپتر ببێت پێش ئەوەی شتەکان باش ببنەوە، حەز ناکەم ئەوە بڵێم بەڵام ئەمە ڕەوشەکەیە."

بەهۆی پەتای کۆرۆناوە تا ئێستا زیاتر لە 142,000 کەس لە ئەمەریکا گیانیان لەدەستداوە و لەسەر ئاستی جیهان لە پلەی یەکەمدا دێت لە زۆرترین ژمارەی گیان لەدەستدانەکاندا بەهۆی ڤایرۆسەکەوە.

سەرۆک ترامپ وتیشی " داوا لە هەمووان دەکەم کاتێک ناتوانن خۆیان لە قەرەباڵغی بەدووربگرن، دەمامک ببەستن. حەزتان لە دەمامک بێت یان نا، سوودی هەیە، کاریگەری هەیە، پێویستمان بەوەیە پابەندی ئەوە بین."

وتیشی بە بەستنی دەمامک ڕاهاتووە و لە کۆبوونەوەکاندا دەیبەستێت.

وتی " زۆر بەخۆشحاڵیەوە دەیبەستم، هەرشتێک سوودی هەبێت دەیکەین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG