بەپێی یاریدەدەران و ئەو کەسانەی کە نزیکن لە ترامپ و هێلییەوە، سەرکەوتنی دانۆڵد ترامپ لە ویلایەتی کارۆلاینا باشوور بەسەر نیکی هێلیدا لە کێبڕکێی کۆمارییەکاندا بۆ هەڵبژاردنی بەربژێرێک بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە کاتێکدا کە هێڵی خۆی خەڵکی ئەو ویلایەتەیە، ئەنجامی هەڵمەتێکی بێبەزەییانە و ڕێکخراو بوو بۆ دوورخستنەوەی هێلی وەکو مەترسییەک.
سەرەڕای ئەوەی تاوەکو ئێستا ترامپ لە چەندین ویلایەتدا سەرکەوتووە، زۆر گرنگ بۆ ترامپ لە کارۆلاینای باشوور سەربکەوێت، کە ویلایەتێکی سەرەکی کۆمارییەکانە بۆ دەستنیشانکردنی بەربژێرە کۆمارییەکان، بە پێچەوانەی ساڵی 2016 ەوە، ئەم ساڵ ترامپ ڕووبەڕووی ڕکابەرێک ببووەوە لەو ویلایەتەدا کە دوو جار وەکو فەرمانڕەوای ئەو ویلایەتە هەڵبژێردراوە و هێشتا ناوبانگێکی زۆری هەبووە تێیدا، کە ئەویش نیکی هەیڵییە.
چەند یاریدەدەرێکی نزیک لە پلانی کەمپینەکەی ترامپەوە وتییان پلانەکە پەراوێزخستنی هێڵی بووە لە ڕووی سیاسییەوە، ئەوەش لە ڕێی بە دەستهێنانی پشتیوانی ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی ئەو ویلایەتە بە زووترین کات، ئەوەش بۆ ئەوەی بە ئاشکرا پیشانی بدات کە هێڵی هیچ ڕێگەیەکی نیە لە ڕێی کارۆلاینای باشوورەوە بۆ سەرۆکایەتی.
ڕاوێژکارێکی باڵای کەمپینەکەی ترامپ بە ڕۆیتەرزی وت " ڕووبەڕووی کەسێک بووینەوە کە دووجار وەکو فەرمانڕەوای ویلایەتەکە هەڵبژێردراوە. ئەوەش وایکرد هێز دەربخەین. پێویستمان بە پشتیوانیکردن هەبوو بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەین بەخشەران و دەنگدەران بیر لە هەیڵی بکەنەوە یاخود سەیری بکەن."
کریس لاسڤیتای هاوبەڕێوبەری کەمپینەکەی ترامپ وتی دەستکەوتنی پشتیوانی چەند بەرپرسێکی ویلایەتەکە ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە سەرکەوتن لە ویلایەتەکەدا.
وتیشی هۆکارێکی گرنگی دیکەی سەرکەوتنی ترامپ کۆکردنەوەی داتای هەزاران دەنگدەر بوو کە ئامادەی گردبوونەوەکانی ترامپ بوون.
تاوەکو مانگی دوانزەش، هێڵی هێشتا بە ئاشکرا دەیوت ویلایەتی کارۆلاینای باشوور ئەو شوێنەیە کە تێیدا بەسەر ترامپدا سەردەکەوێت و ئەنجامی کێبڕکێکە دەگۆڕێت. بەڵام لە ڕاستیدا کارۆلاینای باشوور بووە ئەو ویلایەتەی کە زیانێکی گەورەی لە هێلیدا.
هەتاوەکو 24 ی مانگی یەک، مانگێک پێش هەڵبژاردنەکانی کارۆلاینای باشوور، ترامپ پشتیوانی 158 بەرپرسی ئێستا و پێشووی کۆمارییەکانی لە ویلایەتەکە بە دەستهێنا، بە یاسادانەران و سەرۆکی شارەوانییەکان و شەریفەکانیشەوە. هەتاوەکو ئەم هەفتەیە، هێلی پشتیوانی یەک ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا و 11 یاسادانەری ئێستای ویلایەتەکە و دوو سەرۆکی شارەوانییەکانی بە دەستهێنا بوو.
ڕاوێژکارەکەی کەمپینەکەی ترامپ وتی " ئەو پشتیوانییانە گرنگن. شەرمەزارین بۆ نیکی هێلی."
تیمەکەی ترامپ لە کارۆلاینای باشوور لە مانگی پێنجی ساڵی 2023 دا دەستییان کرد بە پەیوەندیکردن بە سەرجەم ئەندامانی سینات و ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکاوە. ئەو یاسادانەرانەی کە دوودڵ بوون لە پشتیوانیکردنی ترامپ بانگهێشت دەکران بۆ کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ ترامپدا.
سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ویلایەتەکە موڕێڵ سمیث دەڵێت " سەرۆک زۆر بەخشندە بوو لە کاتەکەیدا، لەگەڵ خەڵکێکی زۆردا کۆبووەوە. بۆ خەڵکەکەی ڕوون کردەوە کە جددییە و بە تەواوەتی پێویستی بە پشتیوانی ئەوان هەیە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز