Accessibility links

دانۆڵد ترامپ دەڵێت لە دادگاییکردنەکەیدا لە نیویۆرک شایەتی نادات


سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕایگەیاند لەم هەفتەیەدا لە دادگاکەی نیویۆرکدا شایەتی نادات، پێشبینی دەکرا ترامپ بۆ دووەمین جار ئامادەی دادگاییکردنەکە ببێت و بیسەلمێنێت کە کۆمپانیاکەی چەواشەکاری نەکردووە لە نرخی موڵکەکانیدا تاوەکو قازانجی دارایی دەستبکەوێت.

دادگاییکردنی ترامپ لەسەر ساختەکاری سڤیل کە لە مانگی 10 دا دەستیپێکرد، یەکێکە لەو ئاستەنگییە یاساییانەی کە هاتووەتە بەردەم سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ کە هەوڵی دووبارە هەڵبژاردنەوەی دەداتەوە بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا.

ترامپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وتی " ڕۆژی دووشەممە شایەتی نادەم." وتیشی پێشتر شایەتی داوە و " هیچ شتێکی زیاترم نیە بۆ وتن جگە لەوەی کە ئەمە بە تەواوەتی دەستوەردانە لە هەڵبژاردنەکاندا."

لە یەکەم دەرکەوتنیدا لە مانگی یانزەدا، ترامپ زۆرجار خۆی بە دووردەگرت لە وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆ و زۆربەی کاتەکەی بە گلەییکردن لە مامەڵەکردنی نادادپەروەرانەوە بەسەربرد.

ئارثەر ئینگۆرۆن کە سەرپەرشتی دادگاییەکە دەکات، پێشتر بڕیاریداوە کە ترامپ و کوڕە گەورەکانی یارییان بە بەیاننامە داراییەکان کردووە بۆ فێڵکردن لە بانک و بیمەدەران تاوەکو قەرز و مەرجی بیمەی باشترییان بدەنێ.

دادوەری گشتی نیویۆرک، لێتیشیا جەیمس هەوڵی غەرامەکردنی ترامپ دەدات بە بڕی 250 ملیۆن دۆلار و قەدەغەکردنی بازرگانیکردنی ترامپ و کوڕەکانی لە نیویۆرک.

ترامپ ڕووبەڕووی چوار تۆمەتی تاوانکاری فیدراڵی دیکە بووەتەوە، لەوانە دوو تۆمەتی کە لە هەوڵەکانییەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2020 وە سەرچاوەیان گرتووە. لە سەرجەم ئەو دۆسییانەدا دانی بە تاوانەکاندا نەناوە.

بەڵام هێشتا هیچ کام لەم دۆسییانە نەبوونەتە هۆی دواخستنی ترامپ لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا و تاوەکو ئێستا پێشەنگی کاندیدەکانی کۆمارییەکانە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG