Accessibility links

سەرۆک ترامپ لە تویتەر دەڵێت خۆی و مەڵانیای خێزانی توشی کۆرۆنا بوون


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە تویتەر نوسیویەتی پشکنینەکان دەریانخستووە خۆی و خانمی یەکەمی ئەمەریکا مەڵانیا ترامپ توشی نەخۆشی کۆرۆنا بوون.

سەرۆک ترامپ نووسیویەتی "ئەمشەو من و خانمی یەکەم تاقیکردنەوەمان بۆ کرا و دەرکەوت تووشی کۆڤید – 19 بووین. دەستبەجێ دەستدەکەین بە کەرەنتینەکردن و پـرۆسەی چاکبوونەوەی خۆمان. پـێکەوە لەمە تێپەڕدەبین."

ئەمەش دوای ئەوە هات خانم هۆپ هیکس کە گەورە ڕاوێژکارێکی سەرۆک ترامپە تاقیکردنەوەی بۆ کرابوو و دەرکەوتبوو تووشی کۆرۆنا بووە.

شان کانلی، پـزیشکی تایبەتی سەرۆک ترامپ لە یاداشتنامەیەکیدا بۆ کەیڵی ماکەنەینی یاریدەدەری سەرۆک ترامپ و سکرتێری ڕاگەیاندنی کۆشکی سپی، نووسیویەتی:

" لە پاش مۆڵەت وەرگرتن لە سەرۆک ترامپ و مەڵانیا ترامپ خانمی یەکەم ئەم زانیاریـیانە بڵاودەکەمەوە.

ئەم ئێوارەیە پـشتڕاستکرامەوە کە سەرۆک ترامپ و مەڵانیا ترامپ خانمی یەکەم تووشی ڤایرۆسیSARS-CoV-2 بوون.

سەرۆک و خانمی یەکەم لە ئێستادا باری تەندروستیان باشە. پـلانیان هەیە لە ماڵەوە لە کۆشکی سپی بمێننەوە هەتا چاکدەبنەوە.

خۆم و تیمی پـزیشکی لە کۆشکی سپی بە وردی چاودێریان دەکەین، وە پـێزانینم هەیە بۆ ئەو پـشتیوانیەی پـێشکەش دەکرێین لەلایەن هەندێک لە گەورەترین شارەزا و دەزگای تەندروستی وڵاتەکەمان. بە دڵنیایـیەوە پـێشبینی دەکەم سەرۆک بەبێ دابڕان لە ئەرکەکانی بەردەوامبێت لەم ماوەیەی هەتا چاکدەبێتەوە، وە ئاگادارتان دەکەمەوە لە هەر پـێشهاتەیەکی نوێدا."

کۆشکی سپی ڕایگەیاند لە ئەمڕۆ هەینیـیەوە سەرۆک ترامپ هەموو چالاکیـیەکانی ڕادەگرێت. هەروەها بەنیازی هەڵمەتێکی هەڵبژاردن بوو لە ویلایەتی فلۆریدا ئەویشی هەڵوەشاندەوە.

بەپـێی ڕێنمایـیە تەندروستیـیەکان دەبێت سەرۆک ترامپ بە لایەنی کەم بۆ ماوەی 14 ڕۆژ خۆی کەرەنتینە بکات، واتە هەتا 16 ی مانگ، بۆیە نازانرێت چ بڕیارێک دەدرێت لە بارەی دیبەتەکەی بەرنامەی بۆ دانراوە لە 15 ی مانگ بەڕێوەبچێت لە نێوان سەرۆک ترامپ و جۆو بایدن کاندیدی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.

خانمی یەکەم ئەویش لەسەر تویتەرەکەی نووسی"وەکو زۆرێک لە ئەمەریکایـیەکان کە لە ئەمساڵدا ئەنجامیان دا، من و سەرۆک ترامپ خۆمان لە ماڵەوە کەرەنتینە دەکەین پاش ئەوەی توشی کۆڤید – 19 بووین. هەست بە باشی دەکەین و خۆم هەموو پەیوەندیـیەکانی بڕیاربوو ئەنجامیان بدەم دوامخستن. تکایە ئاگاتان لە خۆتان بێت و ئێمە پـێکەوە ئەمە تێپەڕدەکەین."

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی توشبوونی سەرۆک ترامپ بە نەخۆشی کۆرۆنا نرخەکان لە بازاڕەکانی بۆرسە و نەوت لە ئەوروپا و ئەمەریکا تێکچوون.

نەوتی خاوی برێنت و نەوتی خاوی ئەمەریکایی بە ڕێژی 3.6 % لە بەهاکانیان هاتە خوارێ. لە بازاڕی بۆرسە، داو جۆنز بە ڕێژەی 1.7 % بەهاکەی دابەزی و ستاندەر ئاند پوورز 1.6 % بەهاکەی هاتە خوارێ. بەهای یەنی ژاپـۆنی لە بەرامبەر دۆلاری ئەمەریکایی بەرزبوویەوە.

XS
SM
MD
LG