بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیدا لە ویلایەتی جۆرجیا ڕەخنەی لە فەرمانڕەوای ویلایەتە گرت کە بە هەمان شێوە سەر بە کۆمارییەکانە. ترامپ لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 دا لە جۆرجیا بە جیاوازییەکی کەم بەرامبەر جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمەریکا شکستی هێنا. جۆرجیا ویلایەتێکی یەکلاکەرەوەشە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا.
ترامپ ڕەخنەی لە فەرمانڕەوای ویلایەتەکە بڕایان کەمپی کۆماری گرت و وتی کەمپ دەبێت " دژی تاوان بوەستێتەوە نەک شەڕ لەگەڵ یەکگرتوویی و پارتی کۆمارییەکاندا بکات." هەروەها ڕەخنەی لە خێزانەکەی کەمپ، مارتی ، گرت لەسەر ئەوەی کە وتبووی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا ناوی هاوسەرەکەی دەنوسێت لە جیاتی ئەوەی دەنگ بدات بە ترامپ.
لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەیدا لە ویلایەتی جۆرجیا، ترامپ هۆکاری شکستەکەی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 دا گەڕاندەوە بۆ کەمپ، لۆمەی کرد لەسەر شکستەکەی و لەسەر ئەوەی ڕێگری نەکردووە لە دادوەرێکی ویلایەتەکە کە هەوڵی لێپێچینەوەی لە ترامپ داوە.
ترامپ وتی " ئەو کەسێکی خراپە، کەسێکی بە وەفا نیە."
کەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بە ترامپی وت " واز لە خێزانەکەم بهێنە " و داوای لێکرد " واز لە جنێودانی تایبەتی بهێنێت و هێرش نەکاتە سەر هاوەڵە کۆمارییەکان و چیتر باس لە ڕابردوو نەکاتەوە."
پێدەچێت لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەشدا ویلایەتی جۆرجیا کێبڕکێیەکی نزیکی تێدا بێت چونکە کۆمارییەکان و دیموکراتەکانیش هەوڵێکی زۆری بۆ دەدەن لە هەڵمەتەکانییاندا. بۆ ئەوەی ئەمجارە لە ویلایەتەکەدا سەرکەوتن بە دەستبهێنێت، ترامپ ڕەنگە پێویستی بە ئەرکە سیاسییەکەی کەمپ و دەنگدەرە میانڕەو و پارێزگارەکانیش بێت کە هەندێکییان پابەند نین پێوەی.
جێی ئاماژەیە دوابەدوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ساڵی 2020 دا، کە ترامپ بەرامبەر بایدن شکستی هێنا، ترامپ لە ویلایەتی جۆرجیا تۆمەتبارکراوە بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکان، بەڵام ئەو دۆسییەیە لە ئێستادا ڕاگیراوە و دادگاکان هێشتا دەبێت بڕیار بدەن کە ئایا پارێزەرانی ناوچەی فوڵتن کاونتی دەتوانن لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکەن یان نا.
کەمپ شایەتیدا لەسەر ئەوەی بایدن چوار ساڵ لەمەوبەر لە ویلایەتەکەدا سەرکەوتنی بە دەستهێناوە و چەندین جار هەوڵەکانی هاوپەیمانەکانی ترامپی ڕەت کردووەتەوە بۆ ئەوەی کەسێکی دیکە لە شوێنی دابنێن.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا
ترامپ جارێکی دیکە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیدا لە جۆرجیا ڕەخنە لە فەرمانڕەوا کۆمارییەکەی ویلایەتەکە دەگرت