Accessibility links

سەرۆک ترامپ لەوانەیە بەڕێوبەری سی ئای ئەی مایک پۆمپیۆ بخاتە شوێنی ڕێکس تیلەرسن


بەپێی ڕاپۆرتەکانی میدیاکان کە لەزاری بەرپرسانی ئەمەریکییەوە وەریانگرتووە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لەوانەیە لەماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بداتە بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری ناوەندیی مایک پۆمپیۆ و بیخاتە شوێنی ڕێکس تیلەرسن.

کۆمەڵێک ماڵپەڕی هەواڵی ئەمەریکا بڵاویان کردەوە کە بۆ ماوەیەکە گۆڕانکاری لە تیمەکەی ئاسایشی نیشتیمانی سەرۆک ترامپدا لەبەرچاو گیراوە، هەروەها ڕوون نەبووە کە سەرۆک ترامپ بڕیاری داوە یان نا.

لەکاتێکدا لەلایەن ڕۆژنامەنووسانەوە سەبارەت بەو بابەتە پرسیاری لێکرا، سەرۆک ترامپ وتی " ئەو لێرەیە، ڕێکس لێرەیە." سەرۆک ترامپ هیچ لێدوانێکی تری نەدا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەو کاتەدا وەڵامی داوەکەی دەنگی ئەمەریکای نەدایەوە بۆ لێدوان لەسەر بابەتەکە.

وتەبێژی کۆشکی سپی سارا هوکەبی ساندەرز وتی " وەکوو سەرۆک وتی ڕێکس لێرەیە، هیچ ڕاگەیەنراوێک نیە لەم کاتەدا. وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە ڕابەرایەتیکردنی وەزارەتی دەرەوە و هەموو کابینەکەی سەرۆک ترامپ لە ئێستادا گرنگی دەدەن بە تەواوکردنی ساڵی یەکەمی سەرکەوتووی سەرۆکایەتیەکەی سەرۆک ترامپ."

ڕاپۆرتەکان دەڵێن بەپێی پلانەکە سیناتۆری کۆماریەکان لە ئارکەنساس و هاوپەیمانی سەرۆک ترامپ تۆم کۆتن لەوانەیە جێی پۆمپیۆ بگرێتەوە وەکوو بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری ناوەند " سی ئای ئەی " .

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG