دانۆڵد ترامپ داوای پێداچوونەوەی کرد بەسەر سزایەکی 454 ملیۆن دۆلاری کە لە دۆسییەی ساختەکاری سڤیلدا لە نیویۆرک بەسەریدا سەپێندراوە. ئەمەش وەکو ڕووبەڕووبوونەوەی بڕیارەکەی دادوەرە کە دەڵێت ترامپ درۆی کردووە لە سەروەت و سامانەکەیدا لە کاتێکدا کە ئیمپڕاتۆرییەتەکەی خانووبەرەی بەرەوپێشەوە برد و بەهۆیەوە بووە کەسایەتییەکی ناسراو و دواتریش سەرۆکی ئەمەریکا.
پارێزەرەکانی دانۆڵد ترامپی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا داوای پێداچوونەوەکەیان تۆمار کرد و داوایان لە دادگای ئاست ناوەندی پێداچوونەوەی ویلایەتەکە کرد بڕیارەکەی دادوەر ئارثەر ئینگۆرۆن لە 16 ی مانگی دوودا لە سکاڵا یاساییەکەی دادوەری گشتی نیویۆرک لێتیشیا جەیمسدا هەڵبوەشێنێتەوە.
پارێزەرەکانی ترامپ داوایان لە دادگای پێداچوونەوە کردووە بڕیار بدات لەسەر ئەوەی ئایا ئینگۆرۆن " هەڵەی یاسایی کردووە یاخود نا، یان ئایا سوکایەتی بە دەسەڵاتە یاساییەکەی کردووە یاخود نا.
ئینگۆرۆن بڕیاریدا کە ترامپ و کۆمپانیاکەی و بەڕێوبەرەکانی بە هەردوو کوڕەکەی ئێریک و دانۆڵد ترامپ جونیەریشەوە چەندین ساڵە بانک و بیمەداران هەڵدەخەڵەتێنن، ئەوەش لە ڕێی ئەوەوە کە لە بەیاننامە داراییەکاندا زۆر زیاتر لە سەروەت سامانەکەی خۆیان نوسیوە تاوەکو قەرز وەربگرن و گرێبەستی باشترییان دەستبکەوێت. دادوەرەکە لە هەمان کاتیشدا کۆتوبەندی خستەسەر توانای کۆمپانیاکەی ترامپ بۆ کارکردن لە ویلایەتی نیویۆرکدا.
تانەدانەکە دڵنیایی دەدات لەسەر ئەوەی شەڕە یاساییەکە لەسەر کارەکانی ترامپ دەچێتە وەرزی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتییەوە، لە کاتێکدا کە هەوڵ دەدات ببێتە بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.
ئەگەر بڕیارەکەی ئینگۆرۆن لەلایەن دادگای تانەدانەوە پشتگیری لێبکرێت، ئەوا ترامپ ناچار دەبێت دەستبەرداری بڕێکی زۆر لە سەروەتەکەی بێت. ئینگۆرۆن فەرمانی بە ترامپ کردووە بڕی 355 ملیۆن دۆلار وەکو سزا بدات، بەڵام لەگەڵ ڕێژەی سووددا کۆی گشتی بڕەکە دەگاتە 454 ملیۆن دۆلار. هەتاوەکو ئەو پارەیە دەدات، ڕۆژانە نزیکەی 112 هەزار دۆلار دەچێتە سەر کۆی گشتییەکە.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا
ترامپ داوای پێداچوونەوە بەسەر سزایەکی 454 ملیۆن دۆلارییدا دەدات کە لە دۆسییەیەکی ساختەکاریدا بەسەریدا سەپێندراوە
