Accessibility links

سەرۆک ترامپ دەڵێت سەرۆکی تیمی لێپێچینەوە لە دادگاییکردنەکەیدا " هێشتا باجەکەی نەداوە "


ئادەم شێف
ئادەم شێف

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ وتی ئادەم شێفی سەرۆکی تیمی لێپێچینەوەکەی لە دادگایکردنەکەدا " هێشتا باجی لەسەر هەڵسوکەوتەکانی نەداوە."

ئەم لێدوانەی سەرۆک ترامپ دژی ئادەم شێف دوای چەند ڕۆژێک دێت لە دەستپێکردنی دادگاییکردنەکەی لە ئەنجومەنی سینات کە تیایدا دیموکراتەکان بە ڕابەرایەتی ئادەم شێف بە دوو تۆمەت سەرۆک ترامپیان تۆمەتبار کردووە، یەکێکیان خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و ئەوی دیکەیان کۆسپ خستنە بەردەم کارەکانی کۆنگرێسی ئەمەریکایە.

سەرۆک ترامپ لە تویتەر نوسیویەتی " ئادەم شێف سیاسیەکی گەندەڵە و پێدەچێت پیاوێکی زۆر نەخۆش بێت. هێشتا باجی ئەوەی نەداوە چی لە وڵاتەکەمان کردووە."

ئادەم شیفی سەرۆکی لیژنەی هەواڵگری ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکی تیمی لێپێچینەوە لە دادگاییکردنەکەی سەرۆک ترامپدا ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە هەوڵەکانی دیموکراتەکان تاوەکو دەریبخەن ڕەفتارەکانی سەرۆک ترامپ مەترسیە بۆ سەر دیموکراتیەت لە ئەمەریکا و سەرتاسەری جیهاندا، ئەمەش لەڕێی لێدوانەکانیەوە لەبەردەم ئەنجومەنی سینات کە کۆمارییەکان تیایدا باڵادەستن و پێدەچێت سەرۆک ترامپ بە بێ تاوان دەربخەن.

لەلای خۆیەوە ئادەم شێف سەبارەت بە تویتەکەی سەرۆک ترامپ وتی پێی وایە سەرۆک ترامپ بە ئەنقەست هەڕەشەکەی کردووە کاتێک نوسیویەتی " هێشتا باجەکەی نەداوە."

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئێن بی سیدا شێف لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئەو لێدوانەی سەرۆک ترامپی بە هەڕەشە وەرگرتووە یاخود نا، وتی " پێم وایە ئەو بە ئەنقەست وای وت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG