Accessibility links

ئەمەریکا گرنگی نادات بە بانگەشەکانی تاڵیبان لەسەر وەبەرهێنانی چین لە ئەفغانستان


بەرپرسانی ئەمەریکا و شیکەرەوە سەربەخۆکان ڕۆژی هەینی بە گومانەوە کاردانەوەیان پیشاندا بەرامبەر بەو بانگەشەیەی تاڵیبان کە دەڵێت چین ئامادەیە ملیاران دۆلار سەرمایە لە ئەفغانستان وەگەڕبخات.

جێن ساکی گوتەبێژی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمەریکا زیاتر نیگەرانی یارمەتیدانی گەلی ئەفغانستانە لە کاتێکدا ئابووری وڵاتەکە لە ڕووخاندایدایە لەبری ئەوەی لە خەمی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر زیادبوونێکی کاریگەری چیندا بێت لەو وڵاتەدا.

لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکا خاتو ساکی گوتی " ئێمە سەرنجمان لەسەر کارکردنە لەگەڵ زۆربەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ناردنی هاوکاری مرۆیی و گەیاندنی بەو خەڵکەی کە پێویستیان پێیەتی تا دڵنیابین پێداویستییەکانیان هەیە."

زوبیحوڵا موجاهید وتەبێژی تاڵیبان لە چاوپێکەوتنێکیدا لە کابول لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا ڕایگەیاند، کە فەرمانڕەوا نوێیەکانی ئەفغانستان بەڵێنیان داوە لە بەرامبەر ملیاران دۆلار وەبەرهێنانی چینیدا سەلامەتی کارکەران و سەرمایەی چینی مسۆگەر بکەن.

موجاهیدبە دەنگی ئەمەریکای گوت " ئەوان خواستی وەبەرهێنانیان لە هەندێک کەرتی تایبەتی ئەفغانستاندا هەیە و دەیانەوێت وتووێژ لەسەر وردەکارییەکەی بکەن."

جگە لە پێشکەشکردنی هاوکاری مرۆیی و گواستنەوەی ئەمەریکاییەکان و هاوپەیمانە ئەفغانییەکان، ئیدارەی بایدن ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە تیشکی لەسەر ئەوێ نابێت. بەرپرسان چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە بوونی پێکهاتەی سەربازی ئەمەریکا لە ئەفغانستان کۆتاییهاتووە.

مایکل کوگلمان، جێگری بەڕێوەبەری بەرنامەی ئاسیا و یاریدەدەری باڵای بەرنامەکانی باشوری ئاسیا لە سەنتەری ویلسۆن دەڵێت "ئەمەریکا چیتر لە گەمەی ئەفغانستاندا نییە."

گوتیشی ئەمەریکا زۆر زیاتر سەرنجی خستووەتە سەر بەربەرەکانی هێزە گەورەکان لە شوێنەکانی تری جیهاندا، بەتایبەتی لە ناوچەی ئاسیا و پاسیفیک، لەوانە دەریای باشووری چین، تایوان و هۆنگ کۆنگ. وە تا ئێستاش ڕکابەرەکانی ئەمەریکا پەلەیان نەکردووە لە پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمەریکا لە ئەفغانستان.

کوگلمان وتیشی"چین و ڕوسیا دەیانەوێت زۆر وریابن، لانیکەم بۆ ماوەیەکی نزیک تا بڕواننە ئەوەی لە ئەفغانستان چی ڕوودەدات."

بەدەر لە ڕەچاوکردنی بارودۆخی ئەمنی، نە پارتی کۆمۆنیستی چین و نە کرملینیش هاوبەشێکی سروشتیان لەگەڵ تاڵیباندا نییە، بە تایبەتی لەکاتێکدا کە گروپەکە ئامادەنەبێت زیاتر میانڕەوبێت یان گشتگیر بێت بۆ بەدەستهێنانی شەرعییەتی نێودەوڵەتی گەورەتر.

XS
SM
MD
LG