کوفی ئه‌نان نوێنه‌ری نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و کۆمکاری عه‌ره‌ب بۆ سوریا له ڕۆژی دووشه‌ممه به ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانی ڕاگه‌یاند حکومه‌تی سوریا قائیل بووه به ده‌سپێکردنی کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی له شار‌و شارۆچکه‌کان و تا 10ی مانگی چوار کشانه‌وه‌ی له‌شکری به ته‌واوه‌تی کۆتایی پێده‌هێنێت. مارگرێت به‌شیری ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا له نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانه‌وه ئه‌م ڕاپۆرته‌ی ئاماده کردووه.
کوفی ئه‌نان له جنێفه‌وه به ڕێگای په‌یوه‌ندی ڤیدیۆی له کۆبونه‌وه‌یه‌کی داخراودا وتارێکی پێشکه‌ش به ئه‌نجومه‌نی ئاسایش کرد. پاش وتاره‌که‌ی سوزه‌ن ڕایس باڵیۆزی وڵاته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مه‌ریکا، که بۆ ئه‌م مانگه سه‌رۆکایه‌تی به نۆبه‌ی ئه‌نجومه‌نه‌که ده‌کات، به په‌یامنێرانی گوت به‌ڕێز ئه‌نان باسی له په‌یمانه‌کانی سوریا کردووه بۆ جێبه‌جێکردنی ڕاگرتنه‌ی کاری دڕندانه.
سوزه‌ن ڕایس ده‌ڵێت " به‌ڕێز ئه‌نان ڕایگه‌یاند وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوریا دوێنێ نامه‌یه‌کی بۆ ناردووه که تیایدا نوسیویه‌تی هێزه‌کانی سوریا به زووترین کات ده‌ستده‌که‌ن به کشانه‌وه‌ی هێزه‌کان له شار‌و شارۆچکه‌کان و ڕاگرتنی به‌کارهێنانی چه‌کی قورس و تا 10 ی مانگی چوار کۆتایی پێده‌هێنن".
خاتو ڕایس گوتیشی ئه‌و کاته چاوه‌ڕوان ده‌کرێت جه‌نگاوه‌رانی ئۆپزسیۆنیش له ماوه‌ی 48 کاتژمێری پاش دوامه‌وڵه‌تی 10 ی مانگ شه‌ڕه‌کانیان ڕاگرن. گوتیشی به‌ڕێز ئه‌نان به ئه‌نجومه‌نه‌که‌ی ڕاگه‌یاندووه که خوازیار بوو کاته دیاریکراوه‌که زووتر بوایه له 10 ی مانگی چوار، به‌ڵام ئه‌و داوای له حکومه‌تی سوریا کردووه که ده‌ستبه‌جێ ده‌ست بکه‌ن به پلانه‌که و دڵنیابن له‌وه‌ی هێزه‌کانی زیاتر نه‌چنه نێوه‌نده‌کانی دانیشتوانه‌وه.
باڵیۆزی ئه‌مه‌ریکا ڕایگه‌یاند به‌ڕێز ئه‌نان چاوه‌ڕوانی ورده‌کاری زیاتری لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی پلانه 6 خاڵییه‌که ده‌کات له ناویاندا لایه‌نی مرۆیی و لایه‌نی ده‌ستڕاگه‌یشتن به میدیا پرۆسه‌ی سیاسیش.
کاتێک پرسیاری له سه‌ر ئه‌وه لێ‌کرا که ئایه سورییه‌کان هیچ مه‌رجێکی پێشوه‌ختیان هه‌بووه بۆ کشانه‌وه‌ی هێزه‌کان خاتو ڕایس گوتی هیچ مه‌رجێک بۆ ئه‌نجومه‌که ڕانه‌گه‌ێنراوه. به‌ڵام گومانی حکومه‌ته‌کی خۆی ڕاگه‌یاند له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئایه حکومه‌ته‌که‌ی به‌شار ئه‌سه‌د هه‌مو به‌ڵێنه‌کانی بهجێدهگهێنێت.
سوزه‌ن ڕایس گوتی " ئێمه له ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردووه‌وه ده‌بینین په‌یمان ده‌درێت و په‌یمان ده‌شكێت، ئێمه بینیمان به‌ڵێنی کۆتایی هاتن به توندوتیژییه‌کان بوو به زیاد بوونی توندوتیژییه‌کان. جا وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا ده‌ڕوانێته ئه‌م به‌ڵێنه‌ش به‌ڵگه‌ی جێبه‌جێکردنیش له کردارهکاندایه نه‌ک له قسه‌دا.
باڵیۆزی سوریا له نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان به‌شار جه‌عفه‌ری به په‌یامنێرانی گوت حکومه‌ته‌که‌ی په‌یوه‌سته به سه‌رکه‌وتنی ئه‌رکه‌که‌ی به‌ڕێز ئه‌نانه‌وه و هیواداره لایه‌نه‌کانی دیکه‌ش هاوکاری بکه‌ن.
به‌شار جه‌عفه‌ری ده‌ڵێت " هیچ به‌رنامه‌یه‌ک سه‌رکه‌وتوو نابێت تا هه‌موو لایه‌نه‌کان پێوه‌ی په‌یوه‌ست نه‌بن. جا تا ئێستا حکومه‌تی سوریا په‌یمانی داوه په‌یوه‌ستی به‌رنامه‌که بێت. ئێمه چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ده‌که‌ین که به‌ڕێز کوفی ئه‌نان له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌شدا په‌یوه‌ندی بکات که په‌یوه‌ندییان به مه‌سه‌له‌که‌وه هه‌یه، ئه‌وانه‌ش که پشتیوانی له گروپه چه‌کداره‌کان ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مو لایه‌نه‌کان توندوتیژییه‌کان ڕاگرن.
باڵیۆزی سوریا وته‌ی توندی هه‌بوو به‌رامبه‌ر کۆبونه‌وه‌که‌ی ڕۆژی یه‌کشه‌ممه له ئه‌سته‌نبوڵ که به کۆبونه‌وه‌ی دۆستانی سوریا ناودێر کراوه.
نوێنه‌ری سوریا له نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ئه‌و کۆبونه‌وه‌یه‌ی به کۆبونه‌وه‌ی دوژمنانی گه‌لی سوریا له قه‌ڵه‌مدا و گوتی به مه‌به‌ستی بنکۆڵ کردنی هه‌وڵه‌کانی نێوبژیوانی به‌ڕێز ئه‌نان بووه.
ئه‌و ڕه‌خنه‌ی له وڵاتانی عه‌ره‌ب گرد که په‌یمانی ده‌یان ملیۆن دۆلار یارمه‌تیان داوه به جه‌نگاوه‌رانی ئۆپۆزسیۆن و وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکاش که پێشنیازی ناردنی که‌ره‌سته‌ی په‌یوه‌ندی کردنی کردووه و به کرداری شه‌ڕی دژ به سه‌روه‌ری سوریا له‌قه‌ڵه‌می داوه. هاوکات زۆر به توندیش ڕه‌خنه‌ی له تورکیای هاوپه‌یمانی پێشووی سوریاش گرت بۆ میوانداری کردنی ئه‌و کۆبونه‌وه‌یه.
شایانی باسه هه‌فته‌ی ڕابوردوو نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ڕایگه‌یاند به‌هۆی توندوتیژییه‌کان له سوریا زیاتر له 9 هه‌زار که‌س له پاره‌که‌وه کوژراون.
ده‌توانن له ڕێی کلیککردنی ئه‌و فایله ده‌نگیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته چه‌پ گوێبیستی ته‌واوی ڕاپۆرته‌که بن که ماوه‌که‌ی 4:07 خوله‌که.