دادگای باڵای ئەمەریکا بڕیاریدا سەرۆکەکانی پێشووی ئەمەریکا پارێزبەندییەکی سنووردارییان هەیە لە لێپێچینەوەی یاساییدا.
لە بڕیارێکی 6-3 دا، دادوەرەکانی دادگای باڵای ئەمەریکا دۆسییەی تاوانەکەی دژ بە سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپییان ڕەوانەی دادگایەکی نزمتر کردەوە کە تێیدا بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2020 دا تۆمەتبار کراوە.
دادوەرەکان بە زۆرینەی دەنگ ڕایانگەیاند کە سەرۆکەکان پارێزبەندی تەواوییان هەیە لە لێپێچینەوە لە کارە فەڕمییەکانییان، بەڵام پارێزبەندییان نیە بۆ ئەو کارانەی کە بە نافەڕمی دادەنرێن.
بناغەی یاسای دادوەریی ئەمەریکا ئەوەیە کە هیچ کەسێک لەسەروو یاساوە نیە، هەمووان دەبێت هەمان ئازادییان هەبێت، بەڵام هەمووان دەکرێت لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت ئەگەر یاسا بشکێننن.
لەو دۆسییەیەدا کە دادگا بڕیاری لەسەر دەدات، ترامپ بانگەشەی ئەوەی کرد کە پارێزبەندی تەواویی هەیە ، لە هەوڵداندا بۆ پێچەوانەکردنەوەی شکستەکەی لە هەڵبژاردنەکانی چوار ساڵ لەمەوبەردا، لەو کاتەدا ترامپ وەکو سەرۆک بە فەڕمی کاری دەکرد و بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە لە هەڵبژاردنەکەدا سەرکەوتوو بووە، بەڵام لە ڕاستیدا لەو هەڵبژاردنەدا شکستی هێنا.
ڕاوێژکاری تایبەتی وەزارەتی دادی ئەمەریکا جاک سمیث ساڵێک لەمەوبەر ترامپی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020، بەشداری لە پلانگێڕییەکدا کردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی شکستەکەی و مانەوەی لە دەسەڵاتدا.
سمیث ترامپی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ ئەوەی بەرپرسانی وەزارەتی داد یارمەتی بدەن و بانگەشەکانی لەسەر ئەوەی کە ساختەکارییەکی گەورە وایکردووە لە هەڵبژاردنەکاندا سەرنەکەوێت پشتڕاست بکەنەوە. تۆمەتەکە باس لەوە دەکات کە ترامپ و یاریدەدەرەکانی فشارییان خستووەتە سەر یاسادانەرەکان تاوەکو بڵێن ترامپ لەو ویلایەتانەدا سەرکەوتووە کە بایدن تێیاندا زۆرترین دەنگی بە دەستهێناوە.
ترامپ لەو دۆسییەیەدا کە دادگای باڵای ئەمەریکا پێداچوونەوەی پێدا دەکرد با بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئەو کارانەی کردوویەتی بۆ ئەوە نەبووە لەسەر دەسەڵات بمێنێتەوە بەڵکو بۆ پاراستنی سەروەریی هەڵبژاردنەکان بووە و لەبەرئەوە نابێت لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت. پارێزەرەکانی ترامپ بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە کارەکانی ترامپ " بەرپرسیارێتی سەرەکی ترامپ " بوون وەکو سەرۆک.
دۆسییەکەی ڕۆژی دووشەممە یەکەمین جارە دادگا بڕیار لەسەر پارێزبەندی سەرۆکایەتی بدات وەکو وەڵامێک بۆ تاوانێک کە گوایە سەرۆکێک ئەنجامی داوە، ئەمەش دەکرێت پێشینەیەک دابنێت بۆ سەرجەم سەرۆکەکانی داهاتووش نەک تەنها ترامپ.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا
دادگای باڵای ئەمەریکا بڕیار لەسەر پارێزبەندی ترامپ دەدات لە دۆسییەی دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکاندا
