Accessibility links

وەزیری دارایی سعودیە: دەرفەتی زۆرمان لە وەبەرهێنان لە ئێراندا هەیە


وەزیری دارایی سعودیە موحەمەد ئەل جەدان
وەزیری دارایی سعودیە موحەمەد ئەل جەدان

وەزیری دارایی سعودیە موحەمەد ئەل جەدان دەڵێت وەبەرهێنانەکانی سعودیە لە ئێران " دەکرێت زۆر بە خێرایی " ڕووبدات، ئەوەش دوابەدوای ڕێککەوتنی نێوان دوو وڵاتەکە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان.

ئەل جەدان لە ماوەی کۆنفرانسی کەرتی داراییدا لە ڕیاز وتی " سعودیە دەرفەتی وەبەرهێنانی زۆری لە ئێراندا هەیە. هیچ ئاڵۆزییەک نابینین ئەگەر پابەند بوون هەبێت بە مەرجەکانی ڕێککەوتنەکەوە."

ڕۆژی هەینی ئێران و سعودیە ڕێککەوتن لەسەر دووبارە بونیادنانەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان و دووبارە کردنەوەی باڵیۆزخانەکانیان لە ماوەی دوو مانگدا، ئەمەش دوابەدوای گفتوگۆکان لە چین.

ئەل جەدان لە چاوپێکەوتنێکدا بە ڕۆیتەرزی وت " جێگیریی لە ناوچەکەدا زۆر گرنگە، بۆ جیهان و بۆ وڵاتانی ناوچەکەش. ئێمەش هەمیشە وتوومانە ئێران دراوسێمانە و هیچ بەرژەوەندییەکمان نیە لەوەدا ململانێمان لەگەڵ دراوسێکانماندا هەبێت، ئەگەر ئەوان بیانەوێت هاریکار بن."

گرژی و ململانێکانی نێوان سعودیە و ئێران سەقامگیری و ئاسایشی سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خستبووە مەترسییەوە و یارمەتیدەر بوو لە خستنەوەی ململانێکان لە ناوچەکەدا، لەوانەش ململانێکانی ناو یەمەن و سوریا و لوبنان.

ئەل جەدان وتی " هیچ هۆکارێکمان نیە وەبەرهێنان لە ئێراندا نەکەین، هیچ هۆکارێکیشمان نیە ڕێگەیان نەدەین لە وڵاتەکەماندا وەبەرهێنان بکەن. ئەوە لە بەرژەوەندی ئێمەدایە دڵنیا ببینەوە لەوەی هەردوو وڵاتەکە سوود لە سەرچاوەکانی یەکتر وەربگرن."

وتیشی " ئەگەر ئێران بیەوێت بەم پڕۆسەیەدا بڕوات، ئەوا ئێمە ئامادەین پیایدا بڕۆین و پیشانییان بدەین کە بەخێرهاتنیان دەکەین و زۆر دڵخۆش دەبین بەشدار بین لە گەشەسەندنیاندا."

ڕێککەوتنەکەی نێوان سعودیە و ئێران کە چین نێوەندگری تێدا کرد، چوار ڕۆژ دوای گفتوگۆ نهێنییەکانی نێوان بەرپرسانی باڵای دوو وڵاتەکە هات لە پەکینی پایتەختی چین.

بەرپرسێکی سعودی دیکە بە جیا بە ڕۆژنامەنووسانی وت، چین کاریگەری هەیە بەسەر ئێراندا و تارانیش قورس دەبێت بۆی ئەگەر پابەندی ئەو ڕێککەوتنە نەبێت کە لە پەکین لەگەڵ سعودیەدا واژۆی کردووە.

بەرپرسەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی چین لە پێگەیەکی نموونەییدایە لە کاتێکدا کە چێژ لە پەیوەندییەکانی دەبینێت لەگەڵ سعودیە و ئێرانیشدا.

وتی " چین یەکەمین هاوبەشی بازرگانی هەردوو وڵاتەکەیە و کاریگەرییەکانی لەو ڕووەوە زۆر گرنگن. لەبەر ئەوەش کە ئێمە ئێستا متمانە بونیاد دەنێین، دەبێت پابەندبوون بەو بەرپرسیارێتییەوە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی چینی بێت."

لە ساڵی 2016 دا سعودیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێراندا بڕی، ئەوەش دوای ئەوەی باڵیۆزخانەکەی لە تاران لە نێوەندی ململانێیەکی نێوان دوو وڵاتەکەدا سەبارەت بە لە سێدارەدانی مەلایەکی شیعەکان لەلایەن ڕیازەوە، هێرشی کرایەسەر.

سعودیە ئێرانی بە بەرپرس داناوە لە هێرشە موشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ساڵی 2019 بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە و هێرشەکانی دیکەش دژی تانکەرەکان لە ئاوەکانی کەنداودا. ئێرانیش ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردۆتەوە.

بەرپرسەکەی سعودیە وتی قورسترین بابەتەکان لە گفتوگۆکاندا لەگەڵ ئێران بابەتی یەمەن و ڕاگەیاندنەکان و ڕۆڵی چین بووە.

هەردوو وڵاتەکە ڕێککەوتوون لەسەر دووبارە چالاککردنەوەی ڕێککەوتنی ئاسایشی ساڵی 2021 ، کە تیایدا ڕێگە بە هاریکارییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە دەدات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەرمان و قاچاغ و تاوانی ڕێکخراو، هەروەها ڕێککەوتنەکانی دیکەشیان سەبارەت بە بازرگانی و ئابووری و وەبەرهێنان چالاک کردۆتەوە.

بەرپرسەکە وتی " دووبارە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیبلۆماتییەکان مانای ئەوە نیە کە ئێمە هاوپەیمانین، پەیوەندییە دیبلۆماتییەکان شتێکی ئاسایین بۆ سعودیە، دەبێت لەگەڵ هەموواندا هەمان بێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG