دەزگایەکی ڕاگەیاندنی کۆریای باشوور بڵاویکردەوە هەفتەی ڕابردوو سەرمایە سڕکراوەکانی ئێران لە کۆریای باشوور ئازاد کراون و گواستراونەتەوە بۆ بانکی ناوەندی سویسرا، لە بەرامبەر ئەوەشدا تاران چەند هاووڵاتییەکی دەستبەسەرکراوی ئەمەریکایی لە ئێران ئازاد دەکات.
دەزگای هەواڵی یۆنهاپ ئینفۆماکس لە زاری سەرچاوەیەکی نەناسراوی بازاڕی دراوەکانەوە بڵاویکردەوە، بانکی نیشتیمانی سویسرا پلانی هەیە 6 ملیار دۆلارەکەی کە لە بەردەستیدایە بە دراوی وەنی کۆریای باشوور، لە بازاڕەکانی دراودا بیگۆڕێت بە دۆلار و دواتر بە یۆرۆ، تاوەکو پێنج هەفتەی دواتر ڕۆژانە 300 بۆ 400 ملیار وەن دەگۆڕێت.
بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی کۆریای باشوور ڕەتی کردەوە ڕاپۆرتەکە پشتڕاست بکاتەوە، ئاماژەی بە هۆکارە یاسایی و دیبلۆماتییە هەستیارەکانی بابەتەکەدا.
ئەمەریکا و ئێران ڕێککەوتوون لەسەر ئازادکردنی پێنج هاووڵاتی دەستبەسەرکراویی ئەمەریکایی لە تاران و لە بەرامبەردا ئازادکردنی سەرمایە سڕکراوەکانی ئێران و ڕەوانەکردنییان بۆ قەتەڕ، کە لەوێ ئێران دەتوانێت دەستی پێیان بگات. هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی وتی سەرمایە ئازادکراوەکان بۆ پەرەدان بە بەرهەمهێنانی ناوخۆ بەکاردەهێندرێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز