Accessibility links

سیناتۆرێکی ئەمەریکایی ڕەخنەی توند لە سەرۆک ترامپ دەگرێت


سیناتۆر ئێد مارکی

چەند ڕۆژێک دوای ئەوەی سەرۆک ترامپ هێزەکانی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کشاندەوە و کوردەکانی بە تەنها بەجێهێشت، ڕاگەیاندنەکان دەڵێن وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا نزیکەی 1500 سەربازی دیکە و سێ سیستمی بەرگری موشەکی و دوو گەلە فڕۆکەی جەنگی ڕەوانەی سعودیە دەکەن.

لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا 14 هەزار سەربازی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە، ئەمەریکا دەڵێت بوونی سەربازیی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پێناو بەرپەرچدانەوەی دوژمنکارییەکانی ئێرانە لە ناوچەکەدا و هەروەها بەهۆی ئەو هێرشانەوەیە کە لە مانگی نۆدا کرانە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە.

سیناتۆری دیموکراتەکانی ئەمەریکا ئێد مارکی وتی " ڕەوانەکردنی پیاو و ژنانی ئەمەریکی بۆ دەرەوەی وڵات بۆ بەرگریکردن لە نەوتی سعودیە نەک تەنها لوتکەی دووڕووییە بەڵکو کارەساتێکە کە خەریکە ڕوودەدات."

وتیشی " لە تورکیاوە بۆ ئێران و یەمەن، سیاسەتەکانی سەرۆک دانۆڵد ترامپ نە ئەخلاقیە و نە ستراتیژییشە. سەرۆک ترامپ پشتیوانی لە وڵاتێکی وەکو سعودیەی ئۆتۆکراتی دەوڵەمەند بە نەوت دەکات کە پێی وایە ( پارەی کاش دەدات ) لەکاتێکدا ناپاکی لەگەڵ هاوبەشە کوردەکانمان دەکات کە ژیانی خۆیان بەخت کرد لە شەڕیاندا دژی ڕێکخراوی داعش."

هەروەها وتی " ئەم هەنگاوانە بەنزین دەکەن بە ئاگرەکەی سیاسەتە چەوتەکانی سەرۆک ترامپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەو ڕێکەوتننامەیەکی ناوەکی باشی پێشێل کرد و بەڵێنی ئەمەریکای شکاند، بەوەش ڕێگەی بە ئێراندا تاوەکو بیانوویەکیان هەبێت بۆ پێشێلکردنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە و کەمکردنەوەی بەرپرسیارێتییەکانیان. بڕیارەکانی سەرۆک ترامپ ئەمەریکای خستۆتە لێواری جەنگەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئێستا کە هیچ پێویست ناکات، ئەمەریکا سەربازی زیاتر لەوەی کە هەیە ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات بۆ ململانێیەکی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر نەوت، لەسەر حسابی خەڵکی ئەمەریکا، ئەمەش مەترسی دەخاتە سەر ژیانی سەرباز و وڵاتەکەمان. ئێستا کاتی ئەوەیە شەڕمان لەسەر نەوت و وزە ڕابگرین کە ئاسایشی نیشتیمانیمان دەخاتە مەترسییەوە و شەڕ بکەین لە پێناو ڕێکەوتنێکی نوێی سەوز و داهاتووییەکی پاکی وزەدا."

XS
SM
MD
LG