ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکاڕۆژی دووشەممە لۆری چاڤێز دریمەر وەکو وەزیری کاری ئەمەریکا پەسەند کرد. دریمەر لەو پۆستەدا بەرپرس دەبێت لە جێبەجێکردنی مافەکانی فیدڕاڵی کارمەندان لە کاتێکدا کە کۆشکی سپی هەوڵ دەدات هەزاران کارمەندی حکومەت لەکارەکانیان دووربخاتەوە، ئەمەش وەک بەشێک لەو کارانەی کە بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت دەدرێت.
چاڤێز دریمەر سەرپەرشتی وەزارەتی کار دەکات کە یەکێکە لەو چەند بەشەی جێبەجێکار کە ناویان هاتووە لە سکاڵایەکی یاساییدا دژی دەسەڵاتی ملیاردێر ئیلۆن مەسک و وەزارەتی کارامەیی حکومەت بۆ دەرکردنی کارمەندان و دەستگەیشتن بە داتا هەستیارەکانی حکومەت.
وەزارەتی کار نزیکەی 16,000 کارمەندی تەواوی هەبوو و بودجەیەکی پێشنیارکراوی 13.9 ملیار دۆلاری هەبوو بۆ ساڵی دارایی 2025. هەندێک لە بەرپرسیارێتییە گەورەکانی بریتین لە ڕاپۆرتکردنی ڕێژەی بێکاری لە ئەمریکا، ڕێکخستنی ستانداردەکانی تەندروستی و پارێزراویی شوێنی کار، لێکۆڵینەوە لە کەمترین مووچە، کارکردنی منداڵان و ناکۆکیەکان لەسەر مووچەی کاری زیادە و جێبەجێکردنی یاساکان بەسەر ڕێکخستنی سەندیکاکانی کار و دەرکردنی نایاسایی.
چەندین سەندیکای کرێکاری دیار، لەوانە برایەتی نێودەوڵەتی تیمستەر، پاڵاوتنی چاڤێز دریمەر یان پەسەند کرد. ئەو ئەندامی پێشووی کۆنگرێسی کۆمارییە لە ئۆریگان کچی ڕیچارد چاڤێز، ئەندامێکی ئەو سەندیکایەیە و لە ماوەی یەکەم خولی کارکردنیدا لە ئەنجومەنی نوێنەران ناوبانگی وەک لایەنگرێکی کرێکاران پەیدا کرد.
ئەنجومەنی سینات بە زۆرینەی دەنگ لە بەرژەوەندی پەسەندکردنی چاڤێز دریمەر دەنگییاندا، 67 دەنگ بەرامبەر 32 دەنگ، 17 دیموکراتی ئەنجومەنەکە بە بەڵێ دەنگییاندا و سێ کۆماریی بە نەخێر دەنگییاندا.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا