Accessibility links

سعودیە نوێژکردنی بە کۆمەڵ لە مزگەوتەکان قەدەغە دەکات


سعودیە ڕایگەیاند چیتر مزگەوتەکان نوێژخوێنان وەرناگرن و هەروەها نوێژی هەینیش قەدەغە دەکرێت، ئەمەش لە هەنگاوێکدا بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتەدا.

دەزگای هەواڵی سعودیە ئێس پی ئەی لە زاری ئەنجومەنی زانایانی ئاینی سعودیەوە بڵاویکردەوە نوێژی بەکۆمەڵ تەنها لە دوو مزگەوتە پیرۆزەکە بەردەوام دەبێت، ئەوانیش مزگەوتەکانی مەککە و مەدینە.

وتیشی دەرگای مزگەوتەکان بۆ ماوەیەکی کاتی دادەخرێن بەڵام بانگدان بەردەوام دەبێت.

وەزیری سعودیە بۆ کاروباری ئیسلامی عەبدول لەتیف ئال شێخ وتی شوێنی مردوو شتن لە مزگەوتەکان بەکراوەیی دەمێنێتەوە، بەڵام تەنها چەند کەسێکی کەم دەتوانن بچنە ئەو شوێنانە. نوێژکردن لەسەر مردوو تەنها لە گۆڕستان ڕێگەی پێدەدرێت، نەک لە مزگەوت.

جێی ئاماژەیە سعودیە تا ئێستا ڕیوشوێنی توندی گرتۆتەبەر بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەوانەش ڕاگرتنی عەمرە و هەموو گەشتە ئاسمانیە نێودەوڵەتیەکان، هەروەها داخستنی خوێندنگا و دامەزراوە گشتیەکان لە وڵاتەکەدا.

هەروەها سعودیە کارمەندانی حکومەتی ناردۆتەوە ماڵەوە و کارەکانی ڕاگرتوون، تەنها ئەو کارمەندانە نەبێت لە کەرتی تەندروستی و سوپا و ئاسایش کاردەکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG