Accessibility links

ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سعودیە 500 کەسی تێپەڕاند


سعودیە ڕایگەیاند ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.

وەزارەتی تەندروستی سعودیە ڕایگەیاند 119 حاڵەتی نوێی توشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکردووە، بەمەش کۆی ژمارەی توشبووان لە سعودیە بەرزبۆوە بۆ 511 حاڵەت، ئەم ژمارەیەش بەرزترینە لەسەر ئاستی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی.

کۆی ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو 1700 حاڵەتی تیپەڕاندووە. ڕۆژی یەکشەممەش بەحرەین دووەمین حاڵەتی گیان لەدەستدانی بەهۆی ڤایرۆسەکەوە ڕاگەیاند، بەمەش کۆی ژمارەی گیان لەدەستدانەکان لە وڵاتانی کەنداوی عەرەبی گەیشتە 4 کەس.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی سعودیە محەمەد عەبدلعالی وتی 72 کەس لە تورکیاوە هاتوون لە مەککە کەرەنتینە کراون دوای ئەوەی تێکەڵی هاوڵاتیەکی تورکی توشبوو بوون.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی ئێستا ئەوانەی توش دەبن لە سعودیە پێشتر لەگەڵ کەسانی توشبوودا مامەڵەیان کردووە، هەروەها داوای لە هاوڵاتیان کرد لە ماڵەکانیان بمێننەوە.

وتیشی زیاتر لە 4 هەزار کەس کەرەنتینە کراون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG