Accessibility links

سعودیە داوا لە هاوڵاتیانی دەکات پابەندی ڕێوشوێنەکانی ڕێگریکردن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بن


وەزیری تەندروستی سعودیە تۆفیق ڕەبیعە وتی ئاسانکاریکردن لە جێبەجێکردنی ئەو کۆتوبەند و ڕێوشوێنانەی کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا داندراون بووە هۆی ئەوەی ڕۆژانە حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسەکە لە وڵاتەکەدا زیادببێت.

ڕۆژی شەممە 270 حاڵەتی نوێی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سعودیە تۆمارکراوە، 105 حاڵەتیان لە ڕیازی پایتەخت بوون.

سعودیە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 367800 حاڵەتی توشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکردووە و 6370 حاڵەتی گیان لەدەستدانیش هەبووە، ئەمەش زۆرترین حاڵەتە لە ناوچەکەدا. دوای ئەوەی لە مانگی شەشدا حاڵەتەکانی توشبوونی ڕۆژانە بە ڤایرۆسەکە گەیشتە چوار هەزار، لە دەستپێکی مانگی یەکدا حاڵەتەکانی توشبوون کەمبۆوە بۆ 100 حاڵەت و لە ئێستادا دووبارە لە زیادبووندایە.

ڕەبیعە وتی " بەداخەوە لە ڕۆژانی ڕابردوودا حاڵەتەکانی توشبوون بە بەردەوامی زیادییان کردووە، هۆکاری ئەم زیادبوونەش هەموو جۆرە کۆبوونەوەکانە و کەمتەرخەمیە لە جێبەجێکردنی ڕێوشوێنەکانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسەکە."

وتیشی " پابەند نەبوون دەبێتە هۆی ئەوەی ناچار بین ڕێوشوێنی دیکە بۆ پاراستنی کۆمەڵگەکە بگرینەبەر، داوا لە هەمووان دەکەم ئەو دەستکەوتانە بپارێزن کە تاوەکو ئێستا لە ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا بەدەستمان هێناوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG