Accessibility links

هاوپەیمانێکی نزیکی پوتن دەڵێت ئێستا ڕووسیا لە ئۆکرانیا شەڕ لەگەڵ ناتۆدا دەکات


سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیا نیکۆلای پاتروشیڤ
سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیا نیکۆلای پاتروشیڤ

یەکێک لە نزیکترین هاوپەیمانەکانی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن دەڵێت مۆسکۆ ئێستا لە ئۆکرانیا لەگەڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا شەڕ دەکات و ڕۆژئاوا هەوڵی سڕینەوەی ڕووسیا دەدەن لەسەر نەخشەی سیاسی جیهان.

پوتن دەڵێت جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا شەڕی بوونە، وتووشیەتی ڕووسیا سەرجەم ئامڕازەکان بەکاردەهێنێت بۆ پاراستنی خۆی و گەلەکەی.

سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیا نیکۆلای پاتروشیڤ لەلایەن دیبلۆماتکارانەوە وەکو یەکێک لەو کەسانە سەیر دەکرێت کە کاریگەریی لەسەر پوتن هەیە، هەروەها بەڵێنی سەرکەوتنیشی داوە لە ئۆکرانیا، سەرەڕای کۆمەڵێک شکستی ڕووسیا لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا.

پاتروشیڤ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئارگومێنتێ فاکتیدا وتی " ڕووداوەکانی ناو ئۆکرانیا پێکدادانی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ نین، ئەمە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازییە لە نێوان ڕووسیا و ناتۆدا، لەسەروو هەمووشیانەوە ئەمەریکا و بەڕیتانیا."

پاتروشیڤ وتی " پلانی ڕۆژئاواییەکان بەردەوامبوونە لەسەر دابەشکردنی ڕووسیا و لە کۆتاییدا سڕینەوەی ڕووسیا لەسەر نەخشەی سیاسیی جیهان."

ئەمەریکا ڕەتی کردۆتەوە ئامانجی ئەوە بێت ڕووسیا لە ناوببات، هاوکات سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن هۆشداریداوە لەسەر ئەوەی هەر ململانێیەک لە نێوان ڕووسیا و ناتۆدا دەکرێت ببێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی سێیەم.

کاتێک سەبارەت بە لێدوانەکانی پاتروشیڤ پرسیاری لێکرا، وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ وتی ناتۆ و ئەمەریکا بەشێکن لە ململانێکەی ئۆکرانیا.

پێسکۆڤ وتی " ئەوان بە کارەکانیان بوونەتە لایەنێکی ناڕاستەوخۆ لەم ململانێیەدا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی چەک و تەکنەلۆجیا و زانیاری هەواڵگری دەدەن بە ئۆکرانیا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG