Accessibility links

کرێملن سەردانەکەی پوتن بۆ کەنداو پشتڕاست دەکاتەوە


سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن
سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن

کرێملن دەڵێت ڕێککەوتنی گروپی ئۆپیک پڵەس بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت کاتی دەوێت تاوەکو کاریگەرییەکانی دەردەکەوێت، هاوکات ڕایگەیاند سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن ڕۆژی چوارشەممە سەردانی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب (ئیماڕات) و شانشینی عەرەبستانی سعودیە دەکات.

وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ ڕایگەیاند، ڕۆژی پێنجشەممە پوتن میوانداری سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسیش دەکات.

جێی ئاماژەیە ڕووسیا هەماهەنگی هەیە لەگەڵ ئەو سێ وڵاتەی ئەندام لە ئۆپیک پڵەسدا کە نەوت بەرهەم دەهێنن، هەفتەی ڕابردووش ئەو وڵاتانە ڕایانگەیاند ڕێککەوتوون لەسەر کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانەکان. بازاڕەکانیش بە گومانەوە سەیری ڕێککەوتنەکەیان کرد و دەڵێن دڵنیا نین کە ئایا کەمکردنەوەکە بە تەواوەتی جێبەجێ دەکرێت یاخود نا.

هەفتەی ڕابردوو دوای ڕاگەیاندنەکەی ئۆپیک پڵەس نرخی نەوت لە سەدا 2 دابەزی.

لە وەڵامی پرسیارێکدا لەسەر ئەوەی ئایا پوتن باس لە هاریکارییەکانی بازاڕی نەوت دەکات لە ماوەی گەشتەکەیدا بۆ کەنداو، پێسکۆڤ وتی " پڕۆسەی دیاریکراوی بەردەوام هەن لە بازاڕی نەوتدا، زۆر گەورە و قورسن. لەبەرئەوە هەندێک جار کاریگەرییەکەی دوادەکەوێت، لەبەرئەوە هەماهەنگییەکە بەردەوام دەبێت. ئەم گفتوگۆیانە لە چوارچێوەی ئۆپیک پڵەسدا ئەنجام دەدرێن، بەڵام بێگومان هاریکارییەکان لەم بوارەدا هەمیشە لە ئەجێندادایە."

لەلایەکی دیکەوە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕووسیا لە زاری ڕاوێژکاری سیاسەتی دەرەوەی پوتن، یوری یوشاکۆڤەوە بڵاوییان کردەوە هاریکارییەکانی نێوان ڕووسیا و سعودیە لە چوارچێوەی ئۆپیک پڵەسدا " بەرهەمدارن."

وتی " هاریکاری نزیکی نێوان ڕووسیا و سعودیە لەم چوارچێوەیەدا گرەنتییەکی متمانەپێکراوە لە پاراستنی دۆخێکی جێگیر و پێشبینیکراو لە بازاڕی جیهانی نەوتدا."

دواتر کرێملن ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە پوتن لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلماندا کۆدەبێتەوە و تاوتوێی هاریکارییەکان دەکەن لە نێو ئۆپیک پڵەسدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG