Accessibility links

ڕۆژنامەیەکی ڕووسیا: پوتن لەم هەفتەیەدا سەردانی ئیمارات و عەرەبستانی سعودیە دەکات


سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن
سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن

ڕۆژنامەی هەواڵی شۆتی ڕووسیا لە زاری یاریدەدەری پوتن یوری یوشاکۆڤەوە بڵاویکردەوە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن لەم هەفتەیەدا سەردانی ئیماڕات و عەرەبستانی سعودیە دەکات.

هەواڵی سەردانەکە لە کاتێکدایە کە گروپی ئۆپیک پڵەسی بەرهەمهێنەرانی نەوت کە هەریەک لە ڕووسیا و سعودیە و ئیماڕاتیش دەگرێتەوە، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ڕێککەوتن لەسەر کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی خۆبەخشانە کە دەکاتە نزیکەی 2.2 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

بازاڕەکان بە گومانەوە سەیری گرێبەستەکەیان کرد چونکە گومانییان لەوە هەیە کە ئایا کەمکردنەوە خۆبەخشانەکە بە تەواوەتی جێبەجێ دەکرێت یاخود نا. هەفتەی ڕابردوو دوای ڕاگەیاندنەکە نرخەکانی نەوت لە سەدا 2 دابەزین، ڕۆژی دووشەممەش زیاتر دابەزین. نەوتی خاوی برێنت نزیکەی لە سەدا 0.6 دابەزی.

شۆت لە زاری یوشاکۆڤەوە بڵاویکردەوە پوتن سەرەتا دەچێت بۆ ئیماڕات و دواتر بۆ سعودیە، کە لەوێ بە شێوەیەکی سەرەکی گفتوگۆکان لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلماندا دەبن.

یوشاکۆڤ وتی " هیوادارم ئەمانە گفتوگۆی زۆر بەسوود بن، کە ئێمە زۆر بە گرنگی دەزانین."

لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا پوتن بە دەگمەن گەشتی بۆ دەرەوەی ڕووسیا کردووە، گەشتەکانی زیاتر بۆ ئەو وڵاتانە بووە کە پێشتر سەر بە یەکێتی سۆڤیەت بوون. دوایین گەشتی پوتن بۆ دەرەوەی ئەو وڵاتانە بۆ چین بوو لە مانگی 10 دا.

گەشتەکانی پوتن لە مانگی سێدا سنووردار کران، ئەوەش دوای ئەوەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی فەرمانی دەستگیرکردنی پوتنی دەرکرد بە تۆمەتی ڕەوانەکردنی منداڵانی ئۆکرانیا بۆ ڕووسیا کە تاوانی جەنگە. ڕووسیا ئەو تۆمەتەی ڕەت کردووەتەوە، وتیشی ڕووسیا بەپێی یاسا بە دوورە لە بڕیارەکانی ئەو دادگایە چونکە ئەندام نییە تێیدا.

سعودیە و ئیماڕاتیش ئەندام نین لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا، لەبەر ئەوە پوتن دەتوانێت بەبێ ترس لە دەستگیرکردنی گەشت بکات بۆ هەردوو وڵاتەکە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG