Accessibility links

ڕووسیا دەڵێت لە هێرشێکی موشەکیدا زیاتر لە 600 سەربازی ئۆکرانی کوشتووە


کراماتۆرسک، ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا
کراماتۆرسک، ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دەڵێت لە هێرشێکی گەورەی موشەکیدا بۆ سەر بینایەک لە کراماتۆرسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کە بۆ ماوەیەکی کاتی هێزەکانی ئۆکرانیای تێدا بووە، زیاتر لە 600 سەربازی ئۆکرانی کوژراون.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتیشی هێرشەکە وەکو تۆڵەسەندنەوەیەک بووە لە هێرشە کوشندەکەی ئەمدواییانەی ئۆکرانیا بۆ سەر بنکەیەکی هێزەکانی ڕووسیا لە ماکیڤکا، کە دەکەوێتە ئەو بەشەی هەرێمی دۆنێتسکەوە کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی ڕووسیادایە.

پەیامنێرانی ڕۆیتەرز سەردانی دوو بینایان کردووە کە وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دەڵێت بە شێوەیەکی کاتی هێزەکانی ئۆکرانیایان تیادا جێگیرکراوە، دەکەونە نزیک هێڵی پشەوەی جەنگەکە. بەپێی پەیامنێرەکان، بیناکە بە شێوەیەک دەرناکەوێت کە ڕاستەوخۆ موشەکی بەرکەوتبێت یاخود زیانێکی گەورەی بەرکەوتبێت. هیچ ئاماژەیەکی ڕوونیش نەبووە لەسەر ئەوەی سەربازانی ئۆکرانیا لەوێ بووبێتن یاخود هیچ شوێنەواری لاشە و خوێن تیایاندا نەبیندراوە.

تاوەکو ئێستا بەرپرسانی کیێڤ لێدوانییان لەسەر هێرشەکەی ڕووسیا نەداوە، لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆکی شارەوانی کراماتۆرسک وتی هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

مۆسکۆ وتی زانیاری هەواڵگری متمانەپێکراوییان هەبووە بۆ بە ئامانجکردنی هێزەکانی ئۆکرانیا. وتیشی زیاتر لە 700 سەربازی ئۆکرانی لە بینایەکیاندا جێگیرکراون و 600 سەربازی دیکەش لە بیناکەی تردا جێگیرکراون.

لە ماوەی ڕابردوودا فەرمانڕەوای دۆنێتسک پاڤلۆ کیریلینکۆ وتی ڕووسیا حەوت هێرشی موشەکی کردۆتە سەر کراماتۆرسک.

هاوکات سەرۆکی شارەوانی کراماتۆرسک ئۆلیکساندەر هۆنچارینکۆ وتی هێرشەکە زیانی گەیاندووە بە دوو بینای خوێندن و هەشت بینای نیشتەجێبوون، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە.

کراماتۆرسک دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای باخموتەوە، باخموت شارێکی بچووکە و ڕووسیا زیاتر لە پێنج مانگە هەوڵی گرتنی دەدات و شەڕێکی سەختی تێدایە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG