Accessibility links

ڕووسیا دەڵێت بەکارهێنانی تەلەفون بووەتە هۆی ئەوەی ئۆکرانیا هێزەکانی بکاتە ئامانج


سوپای ڕووسیا دەڵێت بەکارهێنانی بێ مۆڵەتی تەلەفون لەلایەن سەربازانی ڕووسییەوە بووە هۆی ڕوودانی هێرشە کوشندەکەی ئۆکرانیا بۆ سەر شوێنێکی هێزەکانی ڕووسیا، وتیشی ژمارەی سەربازە کوژراوەکان گەیشتۆتە 89 سەرباز.

جەنەڕاڵی ڕووسی سێرگێی سیڤریکۆڤ لە بەیاننامەیەکدا وتی سیگناڵی تەلەفونەکان بوونەتە هۆی ئەوەی هێزەکانی ئۆکرانیا بتوانن " شوێنی سەربازەکان بدۆزنەوە و " هێرشی ئاسمانییان بکەنە سەر.

سیڤریکۆڤ وتی سوپای ڕووسیا ڕێوشوێن دەگرێتەبەر بۆ " ڕێگریکردن لە دووبارە بوونەوەی ئەو جۆرە کارەساتە لە داهاتوودا." هەروەها بەڵێنیشیدا ئەو بەرپرسانە سزا بدات کە بەرپرس بوون لەو دۆخە.

لە سەرەتای جەنگەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، ئەم هێرشەی ئۆکرانیا گەورەترین و کوشندەترین هێرشی بوو بۆ سەر هێزەکانی ڕووسیا، سیڤریکۆڤ دەڵێت هێرشەکە یەک خولەک پێش ساڵی نوێ ڕوویدا.

هێرشەکەی ئۆکرانیا لێدانێکی نوێ بوو لە هەڵمەتە سەربازییەکەی ڕووسیا کە کۆشش دەکات بۆ بەرەوپێشچوون لە داگیرکارییەکەیدا لە ئۆکرانیا و ڕەخنەی توندی لە ناوخۆی ڕووسیادا لێکەوتەوە.

هێزەکانی ئۆکرانیا شەش موشەکییان لە ڕێی سیستمی موشەکی هیمارسی ئەمەریکییەوە بە ئاڕاستەی " بینایەکی ناو ناوچەی ماکیڤکا " هەڵداوە کە سەربازە ڕووسییەکانی تیادا جێگیرکراون. دوو موشەک خراونەتە خوارەوە، بەڵام چوار موشەکەکەی دیکە لە بیناکەیان داوە و تەقیونەتەوە، ئەوەش بووەتە هۆی ڕووخانی بیناکە.

ڕۆژی چوارشەممە بەرپرسانی هەواڵگری بەڕیتانیا وتیان " ناپیشەیی کارە سەربازییەکانی ڕووسیا " ڕەنگە بەشێکی هۆکاری ئەو زیانە گیانییە گەورەیە بووبێتن کە لە ماکیڤکا کەوتەوە.

وەزارەتی بەرگری بەڕیتانیا وتی " بە لەبەرچاوگرتنی فراوانی زیانەکە، ئەگەرێکی ڕاستەقینە هەیە کە تەقەمەنی لە نزیک شوێنی سەربازەکان هەڵگیراوە، کە لە کاتی هێرشەکەدا تەقینەوە و تەقینەوەی دووەمییان دروست کرد."

وتیشی ئەو بینایەی کە لەلایەن موشەکەکانی ئۆکرانیاوە لێیدراوە تۆزێک زیاتر لە 12 کم لە بەرەکانی پێشەوەی نزیک ئادیڤکا بووە " کە یەکێکە لەو ناوچانەی شەڕێکی سەختی تێدایە." ماکیڤکا و ئادیڤکا ئامانجی سەرەکی هێرشەکانی ڕووسیان لە هەرێمی دۆنێتسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا و دەکەونە قەراغ شاری دۆنێتسکی پایتەختی هەرێمەکەوە.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG