Accessibility links

ڕووسیا هێرش دەکاتە سەر دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی موشەک و گازی ئۆکرانیا


بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن ڕۆژی پێنجشەممە ڕووسیا بۆردومانی دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی گاز و کارگەیەکی گەورەی دروستکردنی موشەکی ئۆکرانیای کردووە.

دەنگی تەقینەوەکان لە چەند بەشێکی وڵاتەکەدا بیستراوە، لەوانەش شاری ئۆدێسای باشووری ئۆکرانیا و کیێڤی پایتەخت و شاری دنیپرۆی ناوەڕاستی ئۆکرانیا، هەروەها داوا لە هاوڵاتیانی مەدەنی کراوە بچنە پەناگەکانەوە و زەنگی ئاگادارکردنەوەی هێرشی موشەکی لێدراوە.

سەرۆک وەزیری ئۆکرانیا دێنیس شمیهال وتی یەکێک لە ئامانجی هێرشە موشەکییەکان کارگەی گەورەی پیڤدینماشی دروستکردنی موشەک بووە لە دنیپرۆ.

تاوەکو ئێستا نەزاندراوە بە دیاریکراوی چی دامەزراوەیەکی بەرهەمهێنانی گاز کراوەتە ئامانج.

بەرپرسانی ناوخۆی ئۆکرانیا دەڵێن دوو کەس لە هێرشێکی موشەکیدا بۆ سەر هەرێمی زاپۆریژای باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کوژراون، سێ کەسی دیکە لە هێرشێکدا بۆ سەر شاری خارکیڤی باکووری ڕۆژهەڵات و سێ کەسی دیکە لە ئۆدێسا بریندار بوون.

لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا ڕووسیا هێرشەکانی بۆ سەر دامەزراوەکانی وزەی ئۆکرانیا زیاتر کردووە.

ئۆکرانیا دەڵێت لە دوایین هەفتەکاندا بەرگری ئاسمانی وڵاتەکە ژمارەیەکی زۆر لە موشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕووسیای خستۆتە خوارەوە. ڕۆژی پێنجشەممە بەرپرسانی شاری کیێڤ وتیان دوو موشەکی کروز و چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی شاهیدیان لە نزیک شارەکە تێکشکێندراون.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا ئۆلیگ نیکۆلینکۆ وتی " ئەم بەیانییە ڕووسیا کۆمەڵێک موشەکی دیکەی کردە سەر ژێرخانە هەستیارەکانی ئۆکرانیا."

وتیشی " پوتن دەیەوێت ملیۆنان خەڵک لە گەرمی و کارەبا داببڕێت، لە نێوەندی سەرمادا. سیستمی بەرگری ئاسمانی و موشەکی زیاتر بنێرن بۆ ئۆکرانیا تاوەکو بەرپەرچی ئەم تراجیدیایە بدەینەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG