Accessibility links

ئۆکرانیا دەڵێت لە بۆردومانێکدا نزیکەی 50 ڕووسی کوژراون یاخود بریندار بوون


سوپای ئۆکرانیا دەڵێت لە هێرشێکی مەودا درێژی تۆپهاوێژەکانی ئۆکرانیادا نزیکەی 50 سەربازی ڕووسی کوژراون یاخود بریندار بوون.

سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا وتی ڕووسیا زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە کاتێک هێزەکانی ئۆکرانیا بۆردومانی گوندی دێنیژنیکۆڤییان کردووە کە دەکەوێتە 70 کم لە دواوەی بەرەکانی پێشەوەی هەرێمی لوهانسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا.

بەرپرسەکەی ئۆکرانیا وردەکاری زیاتری نەدا، وەزارەتی بەرگری ڕووسیاش لێدوانی لەسەر ئەو بابەتە نەداوە، ڕۆیتەرزیش نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەو هەواڵەی سوپای ئۆکرانیا پشتڕاست بکاتەوە.

جێی ئاماژەیە ئەمەریکا سیستمی موشەکی پێشکەوتووی داوە بە ئۆکرانیا کە لە توانایاندا هەیە لە دووری 80 کیلۆمەترەوە ئامانجەکانیان بپێکن.

مانگی ڕابردوودا ڕابەری چیچان ڕامزان کادیرۆڤ کە هاوپەیمانێکی نزیکی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتنە، وتی بەهۆی بۆردومانێکی ئۆکرانیاوە 23 سەربازی کوژراون و 58 سەربازی دیکە بریندار بوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG