Accessibility links

ڕووسیا پشتیوانی لە سڕبیا دەکات و ڕەتی دەکاتەوە گرژی لە کۆسۆڤۆدا دروست کردبێت


وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ
وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ

ڕۆژی چوارشەممە کرێملن وتی پشتیوانی هەوڵەکانی سڕبیا دەکات بۆ پاراستنی هاوڵاتییە سڕبییەکانی باکووری کۆسۆڤۆ، بەڵام تۆمەتەکانی کۆسۆڤۆی ڕەت کردەوە لەسەر ئەوەی کە ڕووسیا بە شێوەیەک لە شێوەکان گرژی لە وڵاتەکەدا دروست کردووە و هەوڵیداوە پشێوی بخاتە سەرانسەری ناوچەی باڵکانەوە.

سڕبییەکانی شاری دابەشبووی میترۆڤیکای باکووری کۆسۆڤۆ ڕۆژی سێشەممە بەربەستی نوێیان لەسەر ڕێگاکان دانا، ئەوەش چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی سڕبیا وتی سوپاکەی خستۆتە بەرزترین ئاستی ئامادەباشییەوە. چەند هەفتەیەکیشە گرژییەکانی نێوان سڕبیا و کۆسۆڤۆ لە پەرەسەندندایە.

نزیکەی 50,000 سڕبی لە بەشی باکووری کۆسۆڤۆ دەژین کە زۆرینەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە ئەلبانین، ڕەتیشی دەکەنەوە دان بە حکومەتی کۆسۆڤۆ یاخود دەوڵەتی کۆسۆڤۆدا بنێن. دەڵێن بێلگراد پایتەختمانە و لەلایەن سڕبیاوە پشتیوانیمان لێدەکرێت، کە لە ساڵی 2008 دا کۆسۆڤۆ لێی جیابۆوە و سەربەخۆیی ڕاگەیاند.

وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە لێدوانەکەی وەزیری ناوخۆی کۆسۆڤۆ خیلال سڤیلکادا کە وتبووی سڕبیا لە ژێر کاریگەری ڕووسیادا هەوڵی ناسەقامگیرکردنی کۆسۆڤۆ دەدات، ئەوەش لە ڕێی پشتیوانیکردن لە کەمینە سڕبییەکانی ناو کۆسۆڤۆوە، پێسکۆڤ وتی " ئەوە ڕاست نیە " بگەڕێیت بە دوای کاریگەرییەکی ڕووخێنەری ڕووسیدا.

وتی " سڕبیا وڵاتێکی خاوەن سەروەرە و بە دڵنیاییەوە ڕاست نیە لێرەدا بگەڕێیت بە دوای کاریگەرییەکی ڕووخێنەری ڕووسیادا."

پێسکۆڤ وتیشی " سڕبیا وڵاتێکی خاوەن سەروەرە و بە شێوەیەکی سروشتی مافی ئەو سڕبییانە دەپارێزێت کە لەو نزیکانە و لە ژێر بارودۆخی سەختدا دەژین، بە شێوەیەکی سروشتیش بە توندی وەڵام دەداتەوە کاتێک ئەو مافانە پێشێل بکرێن."

سڕبیا ڕەتی دەکاتەوە هەوڵی ناسەقامگیرکردنی کۆسۆڤۆ بدات و دەڵێت تەنها دەیەوێت سڕبییە کەمینەکانی ئەوێ بپارێزێت. ڕۆژی سێشەممە سەرۆکی سڕبیا ئەلیکساندەر ڤوچیک وتی سڕبیا " بەردەوام دەبێت لە شەڕکردن بۆ ئاشتی و هەوڵی چارەسەری سازدان دەدات."

پێسکۆڤ وتی " بەهۆی هەبوونی پەیوەندییەکی هاوپەیمانی نزیک و مێژوویی و ڕۆحییەوە لەگەڵ سڕبیادا، ڕووسیا زۆر لە نزیکەوە چاودێری ڕووداوەکان دەکات، چۆن مافی سڕبییەکان ڕێزییان لێدەگیرێت. بێگومان ئێمە پشتیوانی لە بێلگراد دەکەین لەو ڕێوشوێنانەدا کە گیراونەتەبەر."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG