Accessibility links

ڕۆحانی دەڵێت بڕیارەکەی ئەمەریکا سەبارەت بە ناساندنی سوپای پاسداران وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی "هەڵەیە"


سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی

سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی بەرگری لە سوپای پاسدارانی ئێران کرد و وتی پارێزگاری کۆماری ئیسلامی ئێرانە، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی ئەمەریکا سوپای پاسدارانی ئێرانی کردە لیستی ڕێکخراوە بیانیە تیرۆریستیەکانەوە.

ڕۆحانی لە وتارێکیدا وتی " سوپای پاسداران قوربانیان داوە بۆ گەل و شۆڕشەکەمان لە ساڵی 1979 دا، ئەمڕۆ ئەمەریکا کە ڕق و کینەی هەیە بەرامبەر پاسداران خستوویەتییە لیستی ڕەشی گروپە تیرۆریستیەکانەوە."

ڕۆژی دووشەممە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ سوپای پاسدارانی ئێرانی وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناساند، ئەمەش لە هەنگاوێکدا کە لەوانەیە ببێتە هۆی زیادبونی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

لەلای خۆشیەوە تاران سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکای وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناساند و حکومەتی ئەمەریکای بە پشتیوانیکەر لە تیرۆر ناودێرکرد.

ڕۆحانی وتی بڕیارەکەی ئەمەریکا هەڵەیە و بەرپرسانی ئێرانی دەڵێن ئەو بڕیارە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا دەخاتە مەترسییەوە.

وتیشی " ئەم هەڵەیە ئێرانییەکان یەکدەخات و هەوادارانی سوپای پاسداران لە ئێران زیاتر دەکات. ئەمەریکا تیرۆریستەکان لە ناوچەکەدا وەکو هۆکارێک بەکاردەهێنێت لەکاتێکدا سوپای پاسداران لە عێراقەوە بۆ سوریا لەدژیان دەجەنگن."

دوای ئەوەی لە مانگی پێنجدا سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهاندا کشایەوە، پەیوەندییەکانی نێوان تاران و واشنتن گرژییان تێکەوت، ئەمەریکاش هەموو سزاکانی سەپاندەوەی بەسەر ئێراندا.

لەلای خۆشییەوە ئێران هەڕەشەی ئەوەی کرد لە ڕێکەوتنەکە دەکشێتەوە و دەست دەکاتەوە بە چالاکییە ناوەکییەکانی ئەگەر وڵاتانی دیکەی بەشدار لە ڕێکەوتنەکەدا کارێک نەکەن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG