سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن سەرۆک وەزیری پێشووی ئیتاڵیا سیلڤیۆ بێرلسکۆنی بە دۆستێکی ئازیز و سیاسەتمەدارێکی سەرسوڕهێنەر ناوبرد، ئەمەش وەکو ڕێزلێنانێک لە بێرلسکۆنی کە لە ماوەی ڕابردوودا لە تەمەنی 86 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
پوتن لە پرسەنامەکەیدا ڕایگەیاندووە " بۆ من، سیلڤیۆ کەسێکی ئازیز بوو، دۆستێکی ڕاستەقینە بوو. من هەمیشە دڵسۆزانە سەرسام بووم بە ژیرییەکەی، تواناکەی بۆ دەرکردنی بڕیارە هاوسەنگ و دووربینییەکانی، تەنانەت لە سەختترین دۆخەکانیشدا."
وتی بێرلسکۆنی لە ڕووسیا وەکو " پشتیوانکارێکی بەردەوام و بنچینەیی لە پتەوکردنی پەیوەندییە دۆستانەکانی نێوان دوو وڵاتەکەمان یاد دەکرێتەوە."
هاوشێوەی ڕاوێژکاری پێشووتری ئەڵمانیا گێرهارد شرۆیدەر، بێرلسکۆنی لە ماوەی ساڵەکانی سەرەتای پوتندا لە کرێملن لە 2000 ەوە بە دواوە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ مۆسکۆدا هەبووە.
بێرلسکۆنی و شرۆیدەر هەردووکییان بوونە دۆستی تایبەتی پوتن و لەلایەن ڕۆژئاواوە ڕەخنەیان لێدەگیرا لەسەر ئەوەی لە پاڵ پوتندا وەستاون، ئەمەش دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 دا ڕووسیا کرایمیای لە ژێر دەستی ئۆکرانیادا دەرهێنا.
پێش هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردووی ئیتاڵیا، بێرلسکۆنی ڕەخنەی لێگیرا لەسەر ئەوەی وتی پوتن " ناچار " کراوە هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا و ویستوویەتی " خەڵکی باش " لە کیێڤ دابنێت.
لەو کاتەدا بێرلسکۆنی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا وتی " پوتن لەلایەن گەلی ڕووسیا و پارتەکەی و وەزیرەکانییەوە ناچار کرا بیر لەم ئۆپەراسیۆنە تایبەتە بکاتەوە." پوتن داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا بە " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت " ناودەبات.
دواتر بێرلسکۆنی بەیاننامەیەکی دەرکرد و وتی " دوژمنکارییەکان دژی ئۆکرانیا بێ بیانوون و جێی قبوڵکردن نین."
ڕۆژی دووشەممە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا پوتن وتی بێرلسکۆنی " سیاسەتمەدارێکی جیهانی بووە و لە ئێستادا لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا خەڵکێکی کەمی لەو جۆرە هەن." هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی بێرلسکۆنیدا لە دامەزراندنی گفتوگۆ لە نێوان ڕووسیا و ناتۆدا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز