Accessibility links

سکای نیوز: بەڕیتانیا بیر لە پێدانی تانک دەکاتەوە بە ئۆکرانیا


سکای نیوز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی نەناسراوەوە بڵاویکردەوە بەڕیتانیا بۆ یەکەمین جار بیر لە دابینکردنی تانک دەکاتەوە بۆ ئۆکرانیا تاوەکو یارمەتی ئەو وڵاتە بدات لە شەڕیدا دژ بە هێزەکانی ڕووسیا.

سکای نیوز لە زاری سەرچاوەیەکی ڕۆژئاواوە کە نزیکە لە گفتوگۆکانەوە بڵاویکردەوە گفتوگۆکان سەبارەت بە پێدانی تانکی سەرەکی چاڵێنجەری 2 ی سوپای بەڕیتانیا بە ئۆکرانیا " چەند هەفتەیەکی کەمە " دەستیان پێکردووە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە دەڵێت دابینکردنی تانک هەنگاوێکی گرنگ دەبێت لە پشتیوانییەکانی ڕۆژئاوا بۆ ئۆکرانیا، بەڵام حکومەتی بەڕیتانیا تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتایی لەسەر بابەتەکە نەداوە.

سکای نیوز لە زاری سەرچاوەیەکی دیکەی نەناسراوەوە بڵاویکردەوە بەڕیتانیا دەتوانێت 10 تانکی چاڵێنجەری 2 دابین بکات.

بەپێی سوپای بەڕیتانیا، تانکی چاڵێنجەری 2 تانکێکە بۆ هێرشکردنە سەر تانکەکانی دیکە دروست کراوە، لە ساڵی 1994 ەوە خزمەتی سوپای بەڕیتانیا دەکات. ڕەوانەی بۆسنە و هەرسک و کۆسۆڤۆ و عێراقیش کراوە.

وەزارەتی بەرگری بەڕیتانیا بە تایبەتی لێدوانی لەسەر ئەگەری دابینکردنی تانکەکان بۆ ئۆکرانیا نەداوە، بەڵام ئاماژەی بەوەدا تاوەکو ئێستا زیاتر لە 200 ئوتومبێلی زریپۆش و سیستمی بەرگری موشەکی و چەکی دژە تانکی داوە بە ئۆکرانیا.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری بەڕیتانیا وتی " بەردەوام دەبین لە زیادکردنی بەخشینەکانمان لە ڕێی پێدانی مەشق و دابینکردنی کەلوپەلە سەربازییەکانەوە وەکو دیاری."

ساڵی ڕابردوو بەڕیتانیا بڕی 2.3 ملیار پاوەندی لە پشتیوانییە سەربازییەکانیدا بۆ ئۆکرانیا خەرج کرد، لەم ساڵدا پابەندە بەوەی زیاتر دابین بکات.
هەفتەی ڕابردوو وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا جەیمس کلێڤەرلی وتی بەڕیتانیا بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ڕۆژئاوادا بۆ دڵنیا بوونەوە لەوەی ئۆکرانیا ئەو پشتیوانییە سەربازییەی دەستبکەوێت کە پێویستییەتی.

کلێڤەرلی دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ هاوتا ئەڵمانییەکەیدا وتی " تانکەکانیش دەکرێت بەشێک بن لەوە، بەڵام لەکوێوە دێن .. کە هاوپەیمانان دابینی دەکەن، ئەوە شتێکە کە بێگومان بە هەماهەنگی دەبێت لە نێوانماندا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG