Accessibility links

پێنتاگۆن پشتیوانی زیاتر بۆ دەزگای پاسەوانی تایبەت بۆ هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن پەسەند دەکات


وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ' پێنتاگۆن ' و دەزگای پاسەوانی تایبەت ڕایانگەیاند وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن داوایەکی پەسەند کردووە بۆ دابینکردنی توانای سەربازیی زیاتر بۆ دەزگای پاسەوانی تایبەت بۆ جێگری بەربژێرەکان و بەربژێرەکانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا سابرین سینگ وردەکاری نەدا لەسەر جۆری ئەو پشتیوانییەی کە دابین دەکرێت بەڵام وتی ئۆستن فەرمانی بە سەرکردایەتی باکووری ئەمەریکا کردووە پلانێک دابنێت و پشتیوانی پاسەوانی تایبەت بکات لە شوێنە جیاوازەکان لە ماوەی هەڵبژاردنەکاندا.

وتەبێژێکی دەزگای پاسەوانی تایبەتی ئەمەریکا دواتر وتی دوای گردبوونەوەکەی بەربژێری کۆمارییەکان دانۆڵد ترامپ لە 13 ی مانگی حەوتدا لە پێنسلڤانیا کاتێک ترامپ تەقەی لێکرا و لە هەوڵێکی کوشتن ڕزگاریبوو، دەزگاکە ئۆپەراسیۆنەکانی پاراستنی پتەوتر کردووە.

وتەبێژەکەی دەزگای پاسەوانی تایبەت وتی " لە چوارچێوەی ئەم هەوڵەدا، لە ماوەی وەرزی هەڵمەتەکانی ساڵی 2024 دا وەزارەتی بەرگری یارمەتی زیاتر بۆ دەزگای پاسەوانی تایبەتی ئەمەریکا دابین دەکات بە پشتیوانی لۆجیستیکی و گواستنەوە و پەیوەندیشەوە."

ئاسایشی گردبوونەوەکەی ترامپ لە بەتڵەری پێنسلڤانیا نیگەرانی دروست کرد لەسەر ئەوەی چۆن گومانلێکراوەکە توانیویەتی بچێتە سەر سەربانێکی ئەو نزیکانە کە ڕاستەوخۆ ترامپی لێ دیاربووە و تەقەی لێکردووە.

دەزگای پاسەوانی تایبەت وتی " شەرمەزارە " و سەرۆکی دەزگاکە دوابەدوای ئەو ڕووداوە دەستی لە کارکێشایەوە.

کەسێک لەو گردبوونەوەیەدا کوژرا و دوو کەسی دیکە بریندار بوون. دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵیش تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە بزانێت پاڵنەری تەقەکەرەکە چی بووە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG