Accessibility links

حاڵەتەکانی توشبوون بە جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەڕیتانیا لە زیادبووندایە


ژمارەی حاڵەتەکانی توشبوون بە جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەڕیتانیا لە زیادبووندایە، بەرپرسانی حکومەتی ئەو وڵاتە دەڵێن پێدەچێت ئەمە تەنها سەرەتا بێت، سەرۆکی شارەوانی لەندەنیش " ڕووداوی گەورەی " ڕاگەیاند بۆ یارمەتیدانی نەخۆشخانەکانی لەندەن تاوەکو لەگەڵ بارودۆخەکەدا ڕابێن.

دەزگای ئاسایشی تەندروستی بەڕیتانیا وتی ژمارەی حاڵەتەکانی توشبوون بە ئۆمیکرۆن لە بەڕیتانیا لە 25,000 حاڵەت نزیک بۆوە، لەکاتێکدا ڕۆژی هەینی تەنها 1,800 حاڵەت بوو، لە ماوەی بیست و چوار کاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە 10,000 حاڵەت زیادیکردووە.

ڕۆژی پێنجشەممە حەوت کەس کە باوەڕوایە توشی جۆری ئۆمیکرۆن بووبێتن لە بەڕیتانیا گیانیان لەدەستدا، ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو تەنها یەک حاڵەتی گیان لەدەستدان تۆمارکراوە. ڕەوانەکردنی توشبووان بۆ نەخۆشخانەکان لە 65 حاڵەتەوە بۆ 85 زیادیکردووە.

گروپی ڕاوێژکاری زانستی بەڕیتانیا وتی " دڵنیاین لەوەی ڕۆژانە سەدان هەزاران کەس توشی ئۆمیکرۆن دەبن و تۆمار نەکراون.

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن لەناوخۆی حیزبەکەیدا ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بۆتەوە لەسەر کۆمەڵێک لەو ڕێوشوێنانەی سەپاندوویەتی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا، ڕۆژی شەممە ڕۆژنامەیەک ئاماژەی بەوەدا وەزیری کاروباری هاتنە دەرەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا دەیڤد فرۆست دەستی لەکارەکەی کێشاوەتەوە، بەشێک لە هۆکارەکەشی ڕێوشوێنە نوێیەکان بووە.

لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی شارەوانی لەندەن سەدیق خان " ڕووداوی گەورەی " لە شارەکەدا ڕاگەیاند، کە ئەوەش ڕێگە بە هەماهەنگیەکی نزیکتر دەدات لەنێوان دەزگا گشتیەکاندا و پشتیوانی زیاتری حکومەت بۆ نەخۆشخانەکان، لەکاتێکدا نەخۆشەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەم هەفتەیەدا لە نەخۆشخانەکانی شارەکە لە سەدا 30 زیادیکردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG