Accessibility links

یونسێف: کۆریای باکوور ڤاکسینەکانی چین ڕەت دەکاتەوە


یونسێف وتی کۆریای باکوور نزیکەی سێ ملیۆن ژەمە ڤاکسینی چینی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنای ڕەت کردۆتەوە، ئاماژەی بەوەداوە دەبێت بدرێت بەو وڵاتانەی پێویستیان زیاتر پێیەتی.

مانگی یەکی ساڵی ڕابردوو کۆریای باکوور سنوورەکانی داخست لە هەوڵێکدا بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە چینەوە.

پیۆنگیانگ جەخت لەوە دەکاتەوە هێشتا حاڵەتی توشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار نەکردووە، چاودێرانیش گومانیان لەوە هەیە، بەڵام بەهۆی داخستنی سنوورەکانەوە ڕووبەڕووی قەیرانێکی ئابووری گەورە بۆتەوە، لە مانگی شەشدا کۆریای باکوور دانی بەوەدانا کە ڕووبەڕووی قەیرانی خۆراک بوونەتەوە.

بەڵام کۆریای باکوور بە یونسێفی وت کە لەڕێی پڕۆگرامی کۆڤاکسەوە ڤاکسین بەو وڵاتانەدا دابەش دەکات کە هەژارن، ئەو ڤاکسینانەی لەلایەن چینەوە دروست کراون دەکرێت بدرێت بەو وڵاتانەی زیاتر پێویستیان پێیەتی.

وتەبێژی یونسێف بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " وەزارەتی تەندروستی گشتی کۆریای باکوور وتی ئەو 2.97 ملیۆن ژەمە ڤاکسینەی سینۆڤاک کە لەڕێی پڕۆگرامی کۆڤاکسەوە دراوە بە کۆریای باکوور دەکرێت بدرێت بەو وڵاتانەی دیکە کە ڤایرۆسەکە کاریگەرییەکی زۆری لەسەرییان هەبووە و حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسەکە تیایاندا دووبارە سەریهەڵداوەتەوە."

وتیشی " کۆریای باکوور لە پەیوەندیدا دەبێت لەگەڵ کۆڤاکس بۆ وەرگرتنی ڤاکسینەکان لە مانگەکانی داهاتوودا."

لە مانگی حەوتدا کۆریای باشوور وتی پیۆنگیانگ ڤاکسینی ئاسترازێنیکای ڕەت کردۆتەوە کە لەلایەن کۆڤاکسەوە بۆیان دابینکراوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG