ڕۆژی هەینی دیبلۆماتکارانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کورسییەکان لە ژێرییاندا دەلەرزی، فڕۆکەکان بۆ ماوەیەکی کورت ڕێگەیان پێنەدرا بفڕن و سەرانسەری نیویۆرک بەهۆی بومەلەرزەیەکەوە لەرییەوە. بەڵام هیچ زیانێکی لێنەکەوتەوە، بیناکانی نیویۆرکیش وەکو خۆیان مانەوە.
بینای ئیمپایەر ستەیت لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی " من باشم."
بەپێی ئاماری جیۆلۆجی ئەمەریکا بومەلەرزەکە بە گوڕی 4.8 لە نیویۆرکی داوە.
دۆمێنکای تەمەن 50 ساڵ کە سەرپەرشتی دوکانێک دەکات لە لوبنانی نیوجێرزی کە نزیکە لە سەرچاوەی بومەلەرزەکەوە وتی " هێشتا دەلەرزم."
وتی " هەرگیز بومەلەرزەی بەو شێوەیە بەهێزم نەبینیوە. پێشتر هەندێک بومەلەرزەم بینیوە بەڵام هیچ نەبوون لە چاو ئەمەدا. ماڵەکە هەمووی دەلەرییەوە. ماڵەکە دەنگە دەنگی لێدەهات."
پەیامنێرانی دەزگای هەواڵی فرانس پرێس دەڵێن لە بڕوکلنیش بیناکان لەریونەتەوە.
لە نەتەوە یەکگرتووەکان کە بارەگاکەی لە نیویۆرکە، دوای بومەلەرزەکە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایش لەسەر دۆخی غەززە بۆ ماوەیەکی کاتی ڕاگیرا.
گەشتی فڕۆکەکان لە چەندین فڕۆکەخانەدا لە ناوچەکەدا ڕاگیران، بە فڕۆکەخانەی لا گواردیای نیویۆرک و فیلادلفیا و نیوارک و نیوجێرزیشەوە.
بەڕێوبەرایەتی فڕۆکەوانی فیدڕاڵ وتی " ئۆپەراسیۆنەکانی هاتووچۆی ئاسمانی بە زووترین کات دەستپێدەکەنەوە."
وتەبێژی کۆشکی سپی کارین جین پیێر وتی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە بومەلەرزەکە ئاگادار کراوەتەوە.
وتی " کۆشکی سپی لە پەیوەندیدایە لەگەڵ بەرپرسانی فیدڕاڵ و ویلایەت و ناوخۆدا تاوەکو زیاتر بزانین."
ئاماری جیۆلۆجی ئەمەریکا دەڵێت ئەو جۆرە بومەلەرزانەی کە زیانێکی مامناوەند دەگەیەنن لە سەدەیەکدا دووجار ڕوودەدەن، بومەلەرزە بچووکەکانیش هەموو دوو یان سێ ساڵ جارێک هەستییان پێدەکرێت.
سەرچاوە/ فرانس پرێس