Accessibility links

ئەنجومەنی شاری نیویۆرک پڕۆژە یاسایەک بۆ چاودێریکردنی پۆلیس پەسەند دەکات


ئەنجومەنی شاری نیویۆرک بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژە یاسایەکیان پەسەند کرد تیایدا پۆلیسی شارەکە ناچار دەکات تەواوی ئەو ئامێرانە بۆ خەڵک ئاشکرا بکات کە بۆ چاودێریکردن بەکاریان دەهێنن.

ئۆفیسی وتەبێژی ئەنجومەنی شاری نیویۆرک وتی ئەنجومەنەکە پڕۆژە یاسای چاودێری گشتیان بەسەر تەکنەلۆجیای چاودێریکردندا پەسەند کردووە. 44 ئەندام پڕۆژەکەیان پەسەند کردووە لەکاتێکدا 6 ئەندامی ئەنجومەنەکە ڕەتیان کردۆتەوە.

سەرۆکی شارەوانی شاری نیویۆرک بێڵ دی بیلاسیۆ کە پێشتر دژایەتی پڕۆژە یاساکەی دەکرد وتی پڕۆژەکە پەسەند دەکات تاوەکو ببێتە یاسا.

یاسا نوێیەکە 180 ڕۆژ دەداتە پۆلیسی شارەکە تاوەکو لیستی ئەو تەکنەلۆجیایانە پێشکەش بکات کە بۆ چاودێریکردن بەکاریان دەهێنن و هەروەها دەبێت ئاماژە بە کاریگەرییەکانی تەکنەلۆجیاکان بدەن لەسەر دانیشتوانی شارەکە.

ئەندامی ئەنجومەنی شاری نیویۆرک ڤانێسا گیبسن کە پشتیوانی لە پڕۆژە یاساکە دەکات پێش دەنگدانەکە وتی " ئەمە هەلێکە بۆ شارەکە و خەڵکی نیویۆرک تاوەکو تێبگەن پۆلیسی نیویۆرک چی بەکاردەهێنێت و چۆن بەکاری دەهێنێت و کێش بەکاری دەهێنێت."

جێی ئاماژەیە پۆلیسی نیویۆرک گەورەترین هێزی پۆلیسە لە ئەمەریکادا و هێزێکی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیشی هەیە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG