ماریان ڕابێنسۆن دایکی میشێل ئۆباما کە لە ماوەی هەشت ساڵی سەرۆکایەتی باراک ئۆباما لە ساڵی 2009 تا 2017 کەسایەتییەکی ناسراوی کۆشکی سپی بوو، لە تەمەنی 86 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
مەرگی ڕابێنسۆن لەلایەن میشێل ئۆباما و ئەندامانی دیکەی خێزانەکەوە لە بەیاننامەیەکدا ڕاگەیەندرا و وتییان " تەنها یەک ماریان ڕابێنسۆن هەبووە و یەک ماریان ڕابێنسۆنیش دەبێت. لە دڵگرانی خۆماندا، بە دیاریی ژیانی سەرسوڕهێنەری ئەوەوە دڵنەوایی خۆمان دەدەینەوە."
هاوسەرەکەی ڕابێنسۆن لە ژیاندا نەماوە و لە مێژە خۆی لە شیکاگۆ دادەنیشێت، لە ساڵی 2009 دا گواستییەوە بۆ کۆشکی سپی تاوەکو یارمەتیدەر بێت و گرنگی بدات بە نەوەکانی، مالایا و ساشا. ڕابێنسۆن پێشتر ئارەزووی نەکردووە بگوازێتەوە بۆ واشنتن، بەڵام میشێل ئۆباما داوای لە کرەیگ ڕابێنسۆنی برای کرد تاوەکو یارمەتی بدات دایکییان ڕازی بکات بگوازێتەوە بۆ واشنتن.
مالایا و ساشای نەوەکانی تەنها 10 و 7 ساڵ بوون کاتێک لە ساڵی 2009 دا کۆشکی سپی بوو بە ماڵیان. ڕابێنسۆن لە ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا بوو بە جێگرەوەی دایک و باوکی ساشا و مالایا. لە کارەکەیدا وەکو سکرتێری بانک خۆی خانەنشین کرد تاوەکو یارمەتی نەوەکانی بدات.
لە کۆشی سپیش، ڕابێنسۆن ڕۆڵێکی دڵنیاکەرەوەی بینیوە بۆ کچەکان لە کاتێکدا کە دایک و باوکییان چوونە نێو کارە نوێیەکانییانەوە، ڕۆژانەش هاوەڵی کچەکانی کردووە بۆ قوتابخانە و بە پێچەوانەشەوە.
میشێل ئۆباما لە کتێبی بیرەوەرییەکەیدا بە ناونیشانی Becoming لە ساڵی 2018 دا نوسیویەتی " ئەوە نەدەبووم کە ئێستا هەم بەبێ خۆشەویستییە جێگیر و بێ مەرجەکەی دایکم، ماریان شییڵدز ڕابێنسۆن . هەمیشە پشتیوانم بووە، ئەو ئازادییەی داومەتێ کە خۆم بم، لە هەمان کاتیشدا هەرگیز ڕێگەی پێنەداوم یەک تۆزیش قاچم لەسەر زەوییەکە بەرز ببێتەوە، خۆشەویستییە بێسنوورەکەی بۆ کچەکانم، ئامادەییەکەشی بۆ ئەوەی پێویستییەکانی ئەوان بخاتە پێش پێویستییەکانی خۆیەوە، ئاسوودەیی و متمانەیان پێبەخشیم لەسەر ئەوەی بچمە دەرەوە و بزانم کە ئەوان پارێزراو و خۆشەویستن لە ماڵەوە."
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا