Accessibility links

مێرکڵ: پێویستە لەسەر ئەڵمانیا یارمەتی دراوسێکانی بدات لە قەیرانی کۆرۆنادا


ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ لە کۆبوونەوەیەکی ئەندامانی حیزبەکەی لە پەرلەمان وتی پێویستە لەسەر ئەڵمانیا یارمەتی دراوسێکانی بدات لە یەکێتی ئەوروپا و دوای قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئابوورییان ببوژێنێتەوە.

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ وتی بۆ ئەڵمانیا زۆر گرنگە کە هاوبەشەکانی لە یەکێتی ئەوروپا کاتێک دەچنە گفتوگۆکانەوە سەبارەت بە دووبارە بنیادنانەوە لە یەکێتی ئەوروپا بارودۆخیان باش بێت.

ئەڵمانیا سەرکەوتووترین وڵات بوو لە وڵاتە گەورەکانی ئەوروپا لە ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، ئەوەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ زیادکردنی پشکنینەکان بۆ ڤایرۆسی کۆرۆرنا کە بووە هۆی ئەوەی بەشێکی ئابووری وڵاتەکە بکرێتەوە.

بەشدارانی کۆبوونەوەکە لە زاری مێرکڵەوە بڵاویان کردەوە دوای قەیرانەکە لەبەرژەوەندیی هیچ کەسێکدا نیە ئەڵمانیا بە تەنها بە بەهێزی بمێنێتەوە.

ئەوەشیان خستەڕوو مێرکڵ لەگەڵ سەرۆکی کوتلەی حیزبەکەی لە پەرلەمانی ئەڵمانیا ڕاڵف برینکهاوسدا ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی پارەی زیاتر بگوازنەوە بۆ بڕۆکسل، هەروەها پەرلەمان بەشدار دەبێت لە بڕیاری پێدانی یارمەتییە مرۆییەکان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG