Accessibility links

مادورۆ پێشنیاری " نەوت بەرامبەر ڤاکسین " دەکات


نیکۆلاس مادورۆ

سەرۆکی ڤەنزوێلا نیکۆلاس مادورۆ پێشنیاری " نەوت بەرامبەر ڤاکسینی " کرد تاوەکو ڕژێمەکەی کە لەژێر سزا نێودەوڵەتیەکاندایە بتوانێت ڤاکسین بدات بە خەڵکی وڵاتەکە.

مادورۆ لە لێدوانێکدا وتی " ڤەنزوێلا کەشتی نەوت هەڵگری هەیە، کڕیاریشی هەیە ئامادەن نەوتەکەی بکڕن، بەشێک لە نەوتەکەی دابین دەکرێت بۆ کڕینی ئەو بڕە ڤاکسینەی پێویستیەتی، نەوت بەرامبەر ڤاکسین!".

وتیشی " ئێمە ئامادەین. نەوت بەرامبەر ڤاکسین! بەڵام ناپاڕێینەوە بۆی." ئەمەش لە ئاماژەیەکی ڕووندا بۆ خوان گوایدۆی ڕکابەری کە بەڵێنیداوە شتێک بکات ڤەنزوێلا بتوانێت ڤاکسینەکان بکڕێت.

گوایدۆ کە ئەمەریکا و کۆمەڵێک وڵاتی دیکە وەکو سەرۆکی کاتی ڤەنزوێلا ناساندوویانە، وتی ڕێگە دەدات بەو پارەیەی دەگەڕێتەوە وڵاتەکە و لە ئەمەریکا بەپێی سزاکان سڕکراوە، ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنای پێبکڕێت.

کاراکاس و کۆمپانیای سەرەکی نەوتی ڤەنزوێلا لەژێر سزا نێودەوڵەتیەکاندان، بەتایبەتی ئەمەریکا کە دەیەوێت ڕژێمەکەی مادورۆ لەکارلاببات. لە ساڵی 2018 دا مادورۆ دووبارە وەکو سەرۆکی وڵاتەکە هەڵبژێردرایەوە، زۆرێکیش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێیان وایە هەڵبژاردنەکان ساختەکارییان تێدا کراوە.

ڤەنزوێلا کە پێشتر بەرهەمهێنەرێکی گەورەی نەوت بوو، بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی ئۆپیک " لە مانگی دووی ڕابردوودا ڕۆژانە 520 هەزار بەرمیلی بەرهەمهێناوە." ئەوەش زۆر کەمترە لەو سێ ملیۆن بەرمیلەی کە لە ساڵی 2013 دا ڕۆژانە بەرهەمی دەهێنا.

هاوکات لەگەڵ کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە وڵاتەکەدا، بەهۆی سزاکانەوە کاراکاس ڕووبەڕووی قورساییش بۆتەوە لە فرۆشتنی نەوتەکەیدا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG