Accessibility links

ماکرۆن قەدەغەکردنی هاتوچۆ بە شەو لە ژمارەیەک لە شارە گەورەکانی فەڕەنسا ڕادەگەیەنێت


سەرۆکی فەڕەنسا کۆمەڵێک ڕێوشوێنی دیکەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا ڕاگەیاند. هەروەها جەختی لە کۆمەڵێک ڕێکاری خۆپاراستن کردەوە لە هەندێک لە شارە گەورەکانی فەڕەنسادا کە دیارترینیان پاریسی پایتەختە. هەروەها هاتوچۆی شەوانەی لەو ناوچانە قەدەغەکرد کە ڤایرۆسەکە زۆر بەخێرایی تیایاندا بڵاودەبێتەوە.

لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن کۆمەڵێک ڕێوشوێنی نوێی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاشکرا کرد، لەوانەش قەدەغەکردنی هاتوچۆی شەوانە لە هەریەک لە شارەکانی پاریس و مارسیلیا و تولوز و ڕوون و گرونۆبلیان.

لە چاوپێکەوتنەکەدا ماکرۆن وتی " قەدەغەکردنی هاتوچۆ بۆ ماوەی چوار هەفتە بەردەوام دەبێت."

ماکرۆن وتیشی " ئەمە شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسەکەیە دەبێت کاردانەوەمان هەبێت." وتیشی " فەڕەنسا کۆنتڕۆڵی لەدەست نەداوە بەڵام لە ڕەوشێکداین جێی نیگەرانییە."

قەدەغەکردنەکە لە ڕۆژی شەممەوە دەست پێدەکات و هەموو شەوێک لە کاتژمێر 9 ی ئێوارەوە بۆ 6 ی بەیانی بەردەوام دەبێت. هەر کەسێکیش قەدەغەکردنەکە پێشێل بکات 135 یۆرۆ غەرامە دەکرێت. بەڵام هیچ کۆتوبەندێک ناچێتە سەر گواستنەوەی گشتی و خەڵکەکەش دەتوانن لەنێو هەرێمەکاندا گەشت بکەن، کۆبوونەوەی خێزانی نابێت لە شەش کەس زیاتر بن.

ماکرۆن وتی ئامانج لەم ڕێوشوێنانە کەمکردنەوەی ژمارەی توشبووانی ئێستایە کە تەنها لە ڕۆژێکدا 20,000 حاڵەت تۆمار دەکرێت بۆ نزیکەی 3000 حاڵەت، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی فشارەکانی سەر یەکەکانی چاودێری ورد کەم ببنەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG