Accessibility links

تەرمی تۆمەتباری تەقەکردنە کوشندەکەی ویلایەتی مەین لە ئەمەریکا بە مردووی دۆزرایەوە


سەربازێکی یەدەگی سوپای ئەمەریکا کە بە تۆمەتی تەقەکردن لە شوێنی یاریکردنی بۆڵینگ و باڕێکدا لە لویستێنی ویلایەتی مەین بە کوشتنی 18 کەس تۆمەتبار کرابوو، دوای 48 کاتژمێر گەڕان بە دوایدا، بە مردوویی دۆزرایەوە.

پۆلیس دەڵێت لاشەی ڕۆبەرت ئاڕ کاردی تەمەن 40 ساڵ ڕۆژی هەینی لە دارستانێکی نزیک شارۆچکەی لیسبۆن فۆڵز دۆزرایەوە، نزیک ئەو شوێنەی کە پۆلیس ئوتومبێلەکەی تێدا دۆزییەوە کە کارد دوای تەقەکردنەکانی پێی هەڵاتبوو.

بەرپرسان ئاماژەیان بەوە نەداوە پاڵنەری کارد چی بووە لە تەقەکردنەکەیدا، ئاماژەشییان بەو نوسراوە نەداوە کە لەلایەن کاردەوە دوای تەقەکردنەکەی بەجێهێڵدراوە.

تەقەکردنەکە و گەڕانەکان بە دوای تەقەکەرەکەدا کۆمەڵگە ئارامەکەی لویستێنی توشی ترس کردووە کە دووەمین شاری مەینە کە زۆرترین دانیشتوانی تێدا بێت.

دەستبەجێ دوای تەقەکردنەکە، زۆرێک لە خاوەنکارەکان لە لویستێن و کۆمەڵگەکانی نزیک ئەو شارە دووکانەکانییان داخست، هاوکات بەرپرسان قوتابخانەکانییان داخست و داوایان لە دانیشتوانە 40,000 کەسییەکەی ناوچەکە کرد لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە و لە شەقامەکان دووربکەونەوە.

فەرمانڕەوای مەین جانێت میلس لە کاتێکدا کە مردنی کارد ڕاگەیەندرا وتی "هاوشێوەی زۆرێک لە خەڵکەکە، ئەمشەو بە ئیسراحەت هەناسە دەدەم، بەوەی کە دەزانم ڕۆبەرت کارد چیتر مەترسی نیە بۆ سەر هیچ کەس."

کارد سەربازێکی یەدەگ بووە و شارەزایی هەبووە لە بەکارهێنانی چەک و ڕاهێنەر بووە. بەرپرسانی پۆلیس دەڵێن مێژوویەکی هەبووە لەگەڵ نەخۆشی دەروونیدا و لە هاوینی ساڵی 2023 دا بۆ ماوەی دوو هەفتە خراوەتە دامەزراوەیەکی دەروونناسیەوە، دوای دوو هەفتەکە ئازاد کراوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG