Accessibility links

لوبنان داخستنی گشتی وڵاتەکە ڕادەگەیەنێت


لوبنان داخستنی گشتی وڵاتەکەی بۆ ماوەی سێ هەفتە ڕاگەیاند و هاتوچۆی شەوانەی قەدەغەکرد، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ دانانی سنوورێک بۆ زیادبوونی ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا.

وەزیری تەندروستی حکومەتی کاربەڕێکەری لوبنان حەمەد حەسەن وتی داخستنەکە لە ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتووەوە دەست پێدەکات و تاوەکو 1 ی مانگی دوو بەردەوام دەبێت، ئاماژەشی بەوەدا وردەکارییەکان سەبارەت بەو کەرتانەی کە داخستنەکە نایانگرێتەوە ڕۆژی سێشەممە ئاشکرا دەکرێن.

لیژنەی تایبەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە لوبنان وتی " قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە کاتژمێر شەشی ئێوارەوە تاوەکو پێنجی بەیانی بەردەوام دەبێت."

وەزیری تەندروستی لوبنان دوای کۆبوونەوەکەی لیژنەکە بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئێستا ڕوون و ئاشکرایە مەترسی ڤایرۆسەکە هەڕەشەیەکی گەورەی لەسەر ژیانی لوبنانییەکان دروست کردووە و نەخۆشخانەکانیش چیتر ناتوانن نەخۆش وەرگرن."

ڕۆژی یەکشەممە 2870 کەس لە لوبنان توشی ڤایرۆسەکە بوون، بەوەش کۆی ژمارەی توشبووان لەو وڵاتەدا بەرزبۆوە بۆ 189278 کەس، لەکاتێکدا حاڵەتەکانی گیان لەدەستدانیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە بەرزبۆتەوە بۆ 1486 کەس.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG